«یەکگرتووییمان سەرچاوەی هێزمانە»

✍🏽 بڕیار تەها

ئەم ڕستەیەی سەرەوە تەواوی قەتەڕی تەنیوە، لە شەقامە پان و درێژەکاندا هەڵواسراوە، لە شوێنی گشتی و گەشتیاریدا بەرچاوت دەکەوێت، لەم سەر بۆ ئەو سەری خاکی قەتەڕ ئەم سێ وشەیەی لێ نمایش کراوە.

ئێمە وەک عێڕاقی و بە تایبەتی کوردێک لەگەڵ چوونە دەرەوەمان بۆ هەر وڵاتێک تەنانەت ئێرانیش بێت ڕاستەوخۆ چاومان دەچێتە سەر هەندێک خۆشگوزەرانی و ناتوانین سەرسام نەبینی پێی، چونکە ئێمە دانیشتووی عێڕاقێکین کە نیوسەدەی ڕابردووی لە ئێستای پیشکەوتووتر و خۆشگوزەرانتر و خاوێنتر و سەلامەتر بووە.

من نەدەتوانم ستایشی دەسەڵاتدارانی قەتەڕ بکەم و نە دەتوانم ڕەخنەشیان لێ بگرم، ڕاستە لەوێ تەنیا ناوی یەک کەس دەبیستیت ئەویش “تەمیم بن حەمەد”ی ئەمیری ئەو وڵاتەیە، دەکرێت لە پشت ئەو خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ڕازاندنەوەی وڵاتەوە چەندین گەندەڵی و کاری قێزەونیش هەبێت، لەماوەی 11ی ڕۆژی گەشتە میدیاییەکەشمدا بە ڕاستی پێڕانەگەیشتم لەو بارەیەوە هیچ پرسیارێک بکەم، بەتایبەتی کە ڕۆژانە چەندین ئەرێکی جیاوازی کاری میدیایم لەسەر بوو، ئەوەشم لەبەرچاوە کە پێدانی بڕێک پارە یان شوقەیەک بە قەڵەمفرۆشێکی بە ناو ڕۆژنامەنووس یان نووسەر تا ئەوەی ستایشی دەسەڵات بکات کارێکی قورس نییە بۆ هەردوولایەنەکە.

بەهەرحاڵ، ئەوان بەو جۆرە دەردەکەون کە میللەتێکی یەکگرتوون و دروشمی خۆیان پاراستووە، لەوێ ئەگەر هەموو شتێکیش شەفاف نەبێت، بەڵام دادگەرییەکی زۆر بەدی دەکرێت، بە جۆرێک هەموویان بست بە بستی خاکەکەیان خۆش دەوێت، تەنانەت بۆ گەشتیارێک یان بۆ هەوادارێکی تۆپی پێی کارئاسانی و ڕێزێکی زۆر پێشکەش دەکەن، نیوەی شەو ئەگەر میترۆ لە کارکردن بوەستێت، یان پاس نەمێنێت گەشتیار دەتوانێت بەبێ ترس لە باخچەیەکی ئەو وڵاتەدا تا بەیانی بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ترسی لە هیچ شتێک هەبێت، مامەڵەیەکی نەرم و نیانت لەگەڵ دەکەن تا ئەو کاتەی ڕێز لە وڵاتەکەیان دەگریت و زیانت بۆیان نییە.

ڕێكخستنی مۆندیال و پێشوازیکردن لە نزیکەی 4 ملیۆن هەوادار و گەشتیار بۆ ڕووبەڕێکی بچووکی وڵاتێکی وەک قەتەڕ کارێکی ئاسان نەبوو، ئامادەکردنی هەشت یاریگای نموونەیی سەردەمیانە و کەمکردنەوەی پلەکانی گەرما لە ناو یاریگا بە میکانیزم و تەکنەلۆجیای نوێ و پێکەوەبەستنی تەواوی یاریگاکان بە سێ هێڵی میترۆی “سوور و زەرد و سەوز” سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا بوو، ئەوەی تەواو جێی سەرسوڕمان بوو لە تەواوی ماوەی مۆندیال تەنیا یەک حاڵەتی ترس و دڵەڕاوکێ لە وڵاتی قەتەڕ ڕووی نەدا، ئەمە لە کاتێکدا چەندین نەتەوە و کلتور و هەواداری جیاوازی تۆپی پێ لەو ڕووبەرە بچووکەدا کۆببوونەوە، ئەوان مۆندیالیان بە خوێندنی قورئانی پیرۆز دەست پێ کرد و بە کلتوری خۆیان کۆتاییان پێ هێنا، هەمووانیان ناچار کرد پابەندی یاساکانی وڵاتەکە بن و هیچ گرژی و ئاڵۆییەکیش ڕووی نەدا.

مۆزەخانەی نێودەوڵەتی ئیسلامی لە قەتەڕ یەکێکە لە شوێنە هەرە جیاواز و دڵڕفێنەکانی قەتەڕ، دەکەوێتە ناوچەی موشێرب، لە نزیک کەنارئاوەکان دروست کراوە، ئەوەی لەو مۆزەخانەیە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، گرنگییەکەی لە ڕادەبەر بە شارستانی کۆنی عێڕاق و شاری بەغدا بەتایبەتی دراوە، لە چەند نەهۆمێک و لە چەند شوێنێکی جیاوازدا هۆڵ و ژووری تایبەت بە بەغدا تەرخان کراوە، دانانی لەوحەیەک کە نەخشەی تەواوی شاری بەغدای لەسەرە و بە دەستخستنە سەر ناوی شوێنە دیارەکانی وەک “نەسیب حوریە و شارع موتەنەبی و مەلعەب شەعب”.. هتد، نەخشە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەجوڵێت بۆ ئەو شوێنەی کە تۆ مەبەستە، ئەمە جگە لەوەی بە داتاشۆ دیمەنی ژیانی 50 ساڵی ڕابردووی شاری بەغدا و ڕووباری دیجلە خراوەتە سەر چەند پارچە قوماشێکی تایبەتی گەورە و دەنگی بانگ و ژاوەژاوی کۆڵانەکان و هۆڕینی ئوتومبێل لە نێو ژوورەکەدا دێت و دەچێت و دەتباتە نێو ئەو ژیانەی کە تیایدا نەژیاویت.

لە قەتەڕ هەموو ڕۆژێک ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ نییە، لەتەواوی ساڵەکە 18ی مانگی 12ی هەموو ساڵێک وەک یادکردنەوەی ڕۆژی نیشتیمانی دێنە سەرشەقامەکان و ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام پێکداپڕژا و شەڕ و خۆسەرخۆشکردن و نانەوەی ئاژاوە نییە، ناشترین دیاردەیان هۆڕینی زۆری ماشێنە ڕاقییەکان و بەکارهێنانی کەفی دەستکردە.

لە کۆتایدا ئەوەی زۆر دیقەتمدا بێت، ئەگەر پێویست بە دەرمانخانە بوایە دەبوو، پرسیارێکی زۆری بکەیت تا ناونیشانەکەیت پێ بدەن، یانە مەودایەکی زۆر بڕۆیت تا دەرمانخانەیەک ببینیتەوە، ئێمە جیاوازییەکەی ئەو تۆمان نییە، هەموو 50 مەترێک لە کوردستان بووە بە دەرمانخانە، لەوێ هەم کوالیتی خواردن و خواردنەوە لە ئاستێکی بێ وێنەدایە، هەم گەلەکەی لە نائومێدی و دڵەڕاوکێدا ناژی، ئەوان بە جددی بیر لەوە دەکەنەوە کە دروشمەکەیان بپارێزن، کەس ناڵێت “من” دەڵێن “ئێمە” هەر بۆیە دروشمەکەیان نووسراوە «وحدتنا مصدر قوتنا»، یەکگرتووییمان سەرچاوەی هێزمانە.
یاداشتێک لە گەیشتێکی 11 ڕۆژی بۆ ڕووماڵی مۆندیالی 2022 لە وڵاتی قەتەڕ.

Exit mobile version
بازدە بۆ تووڵامراز