هه‌رێز جه‌مال
له كوچه‌یه‌كى یه‌كێك له ئۆردۆگاكانى نزیك سلێمانیه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانى مه‌دالیاو جامى به‌نرخترین نازناو له پاش جامى ئاسیاى 2007 بۆ عیراق كه ئه‌ویش جامى كه‌نداوه، ئه‌مه چیرۆكى ئاسۆ رۆستهمى یاریزانى كوردى هه‌ڵبژارده‌ى عیراقه .
ئاسۆ، ناوێكى دره‌وشاوه‌ى ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى رابردوو بووه، به تایبه‌ت پاش ئه‌و وه‌رزه ئاڵتونییهى له‌گه‌ڵ یانه‌ى نه‌ورۆزى شارى سلێمانى له خولى نایابى عیراق نووسیه‌وه‌و بووه دووه‌م گۆڵكارى خوله‌كه له وه‌رزى رابردوو، دواتریش ئه‌و یاریزانه كورده به گرێبه‌ستێكى دوو ساڵه رووى له یانه‌ى سالمیهى كوه‌یتى كرد‌و ئێستاش وه‌ك یاریزانێكى سه‌ره‌كى ئه‌و یانه شین پۆشه ده‌رده‌كه‌وێت و رۆلێكى باڵاى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ى هه‌یه بۆ سه‌ركه‌وتن له خول و جامى ئه‌و وڵاته .
ئاسۆ له مانگى ئه‌یلولى رابردوو بانگهێشتى هه‌ڵبژارده‌ى یه‌كه‌مى عیراق كرا، پاش چه‌ند یارییه‌كى دۆستانه راسته‌وخۆ به‌شدارى جامى كه‌نداوى كرد كه ئه‌وه بووه یه‌كه‌م پاڵه‌وانێتى ره‌سمى ئه‌و یاریزانه درێسى هه‌ڵبژارده‌ى عیراق بپۆشێت، ئاسۆ كه ئه‌ستێره‌ى دره‌وشانه‌وه‌ى زیاتر له یارى سعودیه ده‌ركه‌وت پاش ئه‌وه‌ى گۆڵى دووه‌مى تۆماركرد بووه گۆڵى یه‌كه‌مى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى عیراق ئیتر بووه ناوێكى ناسراو له باكووره‌وه تا باشوور‌و ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ش ئێستا ناوێكى دره‌وشاوه‌یه .
ئاسۆ سه‌باره‌ت به به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و نازناوه ده‌لێت ” سوپاس بۆ خوا زۆر دڵخۆشم كه ئه‌و نازناوه‌م به‌ده‌ستهێناوه، سوپاسى ئه‌و هانده‌ره گه‌وره‌یه ده‌كه‌م كه له یه‌كه‌م ساته‌وه پاڵپشتم بوون ،هیوادارم له پاڵپشتیم به‌رده‌وام بن ، ئه‌وه گه‌وره‌ترین هۆكاره تاوه‌كو ئه‌وه‌ى بتوانم منیش به‌رده‌وام ببم”.
شێركۆ كه‌ریم، ئه‌و ده‌مێكه ناوى له‌سه‌ر زاره ، نزیك به ده سالێك زیاتره له هه‌ڵبژارده جیاوازه‌كانى عیراق یاریده‌كات، به ئۆلۆمپیادى ریۆشهوه به‌ڵام به‌ده‌ستهێنانى نازناوى جامى كه‌نداو یه‌كه‌م نازناوى ره‌سمى شێركۆیه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى عیراق كه له زۆربه‌ى یارییه‌كان به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى به‌خۆى و ژماره 11 كه‌یه‌وه له یاریگا ده‌رده‌كه‌وت .
كوڕه كورده‌كه‌ى شارى كه‌ركوكى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق پاش به‌ده‌ستهێنانى نازناوى جامى كه‌نداو ده‌ڵێت ئه‌مه پاڵنه‌رێكى زۆره گه‌وره‌یه بۆ ئه‌م ژماره یاریزانانه كه هه‌وڵى سه‌ركه‌وتن بۆ كۆتاییه‌كانى جامى جیهانى ساڵى 2026 بده‌ین ئه‌وه‌ش ئامانجى هه‌موو عیراقیه‌كانه .
شێركۆ كه له یانه‌ى كوه‌یتى كوه‌یتى پیشه‌گه‌ر بوو، سه‌باره‌ت به بوونى یاریزانى كورد له ریزى هه‌ڵبژارده‌ى عیراق ده‌لێت، بوونى یاریزانى كورد دڵخۆشكه‌ره‌و له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى یاریزانى كوردیش ده‌بێته پاڵپشتى باش بۆ هه‌موو لایه‌ك و زۆر یاریزانى باشى كوردیش هه‌یه كه شایسته‌ن به هه‌ڵبژارده‌كه .
یه‌كێكى تر له یاریزانه كورده‌كانى كه مه‌دالیاى جامى كه‌نداوى لهملكراو جامى پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ى به‌رزكرده‌وه رێوان ئه‌مین بوو ، كه ئه‌مه‌ش چه‌ند ساڵێكه یاریزانى هه‌ڵبژارده‌ى عیراقه ، رێوان له دهۆك دایكبووه به‌ڵام هه‌ر له منداڵیه‌وه ژیان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات به‌سه‌رده‌بات و له خولى سویدى یاریده‌كات ، ئه‌ویش به به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و نازناوه گه‌وره‌یه خۆشحاڵه‌و ئه‌ویش له به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانى جامه‌كه ده‌لێت دڵخۆش بوونى گه‌لى عیراق به عه‌ره‌ب و كورد‌و كهمهنهتهوانیهتییهكان ئه‌وپه‌ڕى خۆشحالى ئێمه‌یه‌و هیوادارین له دروستكردنى ئه‌و خۆشیانه به‌رده‌وام بین .