عیماد محه‌مه‌د، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی لاوانی عیراق لیستی كۆتایی یاریزانه بانگهێشتكراوه‌كانی بۆ خولى وڵاتانى ئاسیا بڵاوكرده‌وه كه بڕیاره یارییه‌كانی له رۆژانی 1تا18ـی مانگی داهاتوو له تاشقه‌ند پایته‌ختی ئۆزبه‌كستان به‌ڕێوه‌بچێت .
هه‌ڵبژارده‌كه ماوه‌یه‌كی زۆره ئاماده‌كاری بۆ یارییه‌كانی ئه‌و جامه ده‌كات، له ماوه‌ی رابردوو كه‌مپێكی مه‌شق و راهێنانی له توركیا كرده‌وه‌و چه‌ند یارییه‌كی دۆستانه‌شی کرد، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه ناوی 20 یاریزانی كۆتایی بڵاوكرده‌وه كه له رۆژانی داهاتوودا به‌ره‌و ئۆزبه‌كستان گه‌شت ده‌كه‌ن بۆ به‌شداریكردن له خولەكەدا .
له لیستی یاریزانه‌كاندا، سێ یاریزانی كورد هەن كه ئاستێكی به‌رزیان پێشكه‌شكردووه كه بریتین له ئیسماعیل ئه‌حمه‌د یاریزانی یانه‌ی نهورۆزو مسته‌فا قابیل و عه‌بدولقادر ئه‌یوب له یانه‌ی هه‌ولێرن.
هه‌ڵبژارده‌ی عیراق له قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان سێ یاریی دەکات، رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو به‌رامبه‌ر ئه‌نده‌نوسیا یاریده‌كات و سێ رۆژ دوای ئه‌ویش به‌رامبه‌ر ئۆزبه‌كستانی میواندار یاریده‌كات و له رۆژی 7ـی هه‌مان مانگیش رووبه‌رووی هه‌ڵبژارده‌ی سوریا ده‌بێته‌وه .
سۆزیار یوسف