
سپۆرت میدیا
بۆ یەکەمجار لە مێژووی کوردستان و عێراق، بۆردی وەرزشی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان رێزلێنان و هاوکاری دارایی بەخشییە 360 وەرزشکار لە سەرتاسەری کوردستان و عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هۆڵی هۆتێل های کرێست لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و جوتیار نوری بەرپرسی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکان و خالد کوبەیان راوێژکاری وەرزشی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چەندین بەرپرسی باڵای حکومی و حزبی و وەرزشی مەراسیمی رێزلێنان بۆ 360 وەرزشکاری تەواوی وەرزشە جیاوازەکان ئەنجامدرا.
سەرتیپ عەلی، لێپرسراوی بۆردی وەرزشی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ، روو لە وەرزشکاران و میوانان رایگەیاند، ئەو رێزلێنان و پاڵپشتیە ، کارێکی نوێ نییە بۆ یەکێتیی چونکە لەسەردەمی هەڤال مام جەلال ، یەکێتیی دەستگیرۆو پاڵپشتی وەرزشکاران بووە بە هەموو جۆرێک هەمیشە بەردەوامیش بووە.
بەرپرسی بۆردی وەرزشی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان وتیشی، ئەمە بۆ یەکەمجارە لە کوردستان و عێراق بەو ژمارە زۆرە بە یەکجار رێز لە وەرزشکاران دەگیرێت، دلنیایش دەدەین کە ئەمە جاری یەکەم و کۆتایی نابێت و لە بەرنامەدایە تەواوی وەرزشکاران لە هەموو کوردستان بە تەواوی دەنگ و رەنگە جیاوازەکانەوە رێزلێنانیان بۆ بکەین و پالپشتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیان بۆ دووپات بکەینەوە .