
–هەرێم كەلاری كێیە؟
*ناوم هەرێم بورهان عەلی –یە، بە (هەرێم کەلاری) ناسراوم، 14/4/1984 لە کەلار لە دایک بووم.
–سەرەتای دەستپێکردنت بە یاری تۆپی پێ چۆن بووە؟
*سەرەتای دەست پێکردنم بەیاریی لە تیپەکانی(ئاسۆ و دواتر هێرۆ و بنگرد و کوردستان) بووە لە شاری کەلار.
–بۆچەند یانە یاریت کردوە؟
*ساڵی(1999) پەیوەندیم کرد بە یانەی(شێروانەوە)، دواتر بۆ هەریەک لە یانەکانی(سلێمانی و سیروانی نوێ و پێشمەرگەی سلێمانی و نەورۆز و ئارارات و هەولێر) یارییم کرد، ماوەیەکیش بۆ یانەیەکی پلە دووی نەرویج یارییم کردووە، هەروەها بۆ هەڵبژاردەکانی سلێمانی و کوردستان و عێراقیش یاریم کردووە.
* لەکام شوێنی یاریگا یاریت کردووە؟
–شوێنی تایبەتی یاری کردنی خۆم هێڵی بەرگری بووە، بەڵام لە ژیانی یارییکردنمدا تەنها گۆڵپارێز نەبووم، لە هەموو شوێنێکی یاریگا یاریم کردووە.
*ئێستا چی دەکەیت؟
–ئێستا وازم لە یارییکردن هێناوە و وەکو ستافی ڕاهێنەر بەردەوامم لەگەڵ یانەی چەمچەماڵ.
*گرنگترین دەستکەوتە وەرزشییەکانت کامانەن؟
–لەگەڵ تیپە جیاجیاکان ئەنجامی باشم زۆر هەن، لەوانە لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوو ساڵ دووەمی خولی کوردستان بووین، یەکەمی جامی کوردستان بووین، یەکەمی خولی پلە یەکی عێراق بووین.
جگە لەوانە لە خولی هەڵبژاردەی پارێزگاکانی کوردستاندا هەڵبژاردەی سلێمانی یەکەمی پارێزگاکان بووین، لە گەڵ یانەی سلێمانی سێیەمی خولی کوردستان بووین، پلەی دووەمی جامی کوردستان لەگەڵ سیروانی نوێ، لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە لەگەڵ یانەی چەمچەماڵ وەک یەکەم ئەزموونی کاری ڕاهێنەریم، پشت بە خوا و هەوڵ و ماندوو بوونی هەموو لایەک، یانەکەمان سەرخست بۆ خولی پلە یەکی کوردستان و دواتریش نایابی كوردستان.
*ناخۆشترین کاتی وەرزشیت چ کاتێک بووە؟
–ناخۆشترین ساتەکانی وەرزشیم لە کۆتا جەولەی خولی کوردستان بوو لەگەڵ هەردوو یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و نەورۆز دووجار پلەی یەکەمی خولی کوردستانمان لە دەستدا.
*ھاندەری کام ھەڵبژاردە و یانە و یاریزانی جیهانیت؟
–هاندەری هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ڕیاڵ مەدرید و ڕۆناڵدۆی دیاردەم.
* ئامانج و بەرنامەی وەرزشیت لە داھاتودا چییە؟
–لە ئێستادا وەکوو ڕاهێنەر بەردەوامم و هیوادارم بتوانم لە داهاتودا کاری باشتر و خزمەتی زیاتر بە یانەکان و یاریزانان و وەرزشی کوردستان بکەم.
*پەیامی کۆتایت چییە؟
–هیوادارم وەرزشی کوردستان زیاتر بەرەو پێش بڕوات، بە ئاواتی ئەوەوەم ڕۆژێک هەڵبژاردەی وڵاتەکەم ببینم لە خولە نێودەوڵەتییەکاندا، هیوای لەشساغی و سەرکەوتن بۆ سەرجەم یاریزانان و یانەکان دەخوازم بە بێ جیاوازی، دەست و چاوی ئێوەش خۆش بێ ماندوو نەبن نمونەتان زۆربێ.