وەرزش لە کارنامەی حکومەتدا

ئاراس رواندزی

بەر لە چەند رۆژێک، حکومەتی هەرێم 1055 پڕۆژەی وەبەرهێنانی لە تەواوی سێکتەرەکان راگەیاند، گومان لەوەدا نیە، کارەکە مەزن و زێدە گرنگە، چونکە بە خوێندنەوەی بەندە، گەر ئیڕادەو هەوڵی دڵسۆزانە بۆ ئەنجامدانی هەبێ، شتگەلێکی تێدایە دەتوانێ لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوو کوردستان سەرپێ بخات، بۆیە ستایشی ئەو هەنگاوە دەکەم و بە پێویستیشی دەزانم هەموومان هەوڵی سەرخستنی بدەین.

دیارە ئەوەی لێرەدا گەرەکمە باسی بکەم، میکانیزم و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە نین، بەڵکو نیشاندانی سەرسووڕمانیمە لەبارەی بوونی کەمترین پڕۆژەی وەرزشی لەنێو ئەو ژمارە زۆرەدا! لە کاتێکدا ژێرخانی وەرزشیمان ئەوەندە وێران و هەژارە، لە تەواوی پایتەخت هۆڵێکی داخراوی شیاو بە یاریکردنمان نیە، یاریگاکەی تۆپی پێش کە ساڵانێک بەرپرسانمان زۆرترین پۆزیان پێ لێدەدا، ئێستا لەسەر ئاستی عیراقیش قسە لەسەر مەرجەکان و ستانداربوونی دەکرێ! ئەو عێراقەی کە رۆژانێک بەڕێوەبەرانی وەرزشی هەرێم گاڵتەیان پێی دەکرد، ئێستا بەهۆی بنیاتنانی کۆمەڵێک یاریگای مۆدێرن، توانای میوانداریکردنی گەورەترین پاڵەوانیەتی جیهانی هەیە!

ئاشکرایە لە نێو کۆمەڵگاکەمان وەرزش پانتاییەکی زۆری داگیرکردووەو خەڵکێکی زۆریش شێت و شەیداین، بۆیە لەبەرچاونەگرتنی دۆخی خراپی سەرخان و ژێرخانی وەرزشی و کورتکردنەوەی کایەکە لە دروستکردنی چەند ئەکادیمیایەکی بێ وردەکاری، بۆچوونێکی زۆر گرنگی بۆ دووپاتکردمەوە، ئەویش لاوازی بەشێک لە کارەکتەرە وەرزشیەکانی هەرێمە کە من پێموایە کایەکەیان بەدەردێک بردووە، ئەستەمە لە ماوەی چەند دەیەی داهاتووش بتوانرێ خوارو خێچیەکانیان راستبکرێتەوە! ئەوان لەبەر پارووی چەورو کورسی ژێڕیان، بێ ئاگان لەوەی دۆخەکە بە چ ئاقارێکی مەترسیدار گەیشتووە! شوکر بۆ خوا ئاگەداری ئەو یەک دوو ئەکادیمیایەش نین، ئەگینا ئێستا بە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی، مێشکمانیان کاس دەکردو بە گەورەترین دەسکەوتیان ئەژمار دەکرد!

من لە بارەی دۆخی وەرزشەوە، کەمترین رەخنە ئاراستەی حکومەت دەکەم، چونکە دڵنیام بەرپرسە حزبیەکانی ناو وەرزش، وێنەی تابلۆیەکی ئەفسوناویی و بێ کێشەیان بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێم کێشاوە!
کەوایە گەر بمانەوێ وەرزش بخەینە کارنامەی حکومەت، پێویستە سەرەتا فشارێکی هەمەلایەنە دەستپێبکەین، بۆ ئەوەی لە تەواوی جومگەکانی وەرزش گۆڕانکاری ریشەیی بێتە ئەنجامدان. هەروەها دوورخستنەوەی کایەکە لە دەستی حزب و رێگەدان بە هاتنە پێشەوەی کەسانی شارەزاو لێهاتوو، فاکتەرێکی سەرەکی و خاڵێکی ئەرێنیە بە ئاراستەی چاکسازی و پاکسازی لەنێو ئەو کایەی کە زۆرترین گرفت و قسەو باسی لەسەرە، بە پێچەوانەوە، مانەوەی دۆخەکەش بەو چەقبەستوویە، مانای مەرگی یەکجارەکی وەرزش و کپبوونەوەی دەنگی گۆڕانکاری و چاکسازیە کە لێکەوتە نەرێنیەکانی بێ ئەندازە زۆرن.

Exit mobile version
بازدە بۆ تووڵامراز