پاش 10 ساڵ لە خزمەتی پێشمەرگە، گەڕایەوە یانەی دایك

بەم دواییەو گۆڕانكارییەكی بەرچاو لە هێزی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەكانی ناو شاری سلێمانیدا رویدا، یانەی سلێمانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی درووستكردەوەو باشترین راهێنەرو پۆلێك لە وەرزشكارە باش و خاوەن ریكۆرد و ئەنجامە باشەكان پەیوەندیان بەو تیپەوە كرد.

د.ئەحمەد بەهادین چەقی ئەو گۆڕانكارییە گرنگەیە، چەند یاریزانێكی بەتوانای وەك بنار محەمەد عینایەت و هوستان و كوردستان بەمۆ و هەردی ئازاد كەریم و هۆنیا رەفعەت و چەند كوڕ و كچە یاریزانێكی تر بە چوار دەوری د.ئەحمەد دا بوونەتە یاریدەدەری گۆڕانكاریی لە هاوكێشەی هێزی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لەیانەكانی ناو شاری سلێمانیدا.

بۆ زانیاری زیاتر، ستادیۆم پەیوەندی كرد بە د.ئەحمەد بەهادین-ەوەو ستادیۆم ویستی لەزاری ئەوەوە گۆڕانكارییەكە بگەینێت بە خوێنەرانی خۆی.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە د. ئەحمەد بەهادین زۆر لەوە زیاترە ئێمە بە چەند ووشەو دێڕێك باس مێژوو و تواناو لێهاتوویی و خزمەتەكانی بكەین لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدانی سلێمانی كوردستاندا، چونكە ناوێكی ناسراو و كەسێكی بەئەزموون و لێهاتووە لەم بوارەداو نەك ئێمە بەڵكو شارەزایانی ئەم یارییە شاهیدی بۆ ئەم قسانەی ئێمە دەدەن، بۆیە راستەوخۆ دەچینە باسەكەمان و لەو رووەوە چەند پرسیارێكی لێدەكەین.

*د.ئەحمەد چۆن یانەی سلێمانیت هەڵبژاردەوەو یانەی پێشمەرگەی سلێمانیت بۆچی بەجێهێشت؟.
–من ماوەی 10 ساڵە لەیانەی پێشمەرگەی سلێمانی بووم، ماوەی 10 ساڵیش ئێمە وەك یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە تیپی پێشكەوتوواندا پاڵەوان و یەكەمی عیراق بووین، زۆرترین یاریزانە كور و كچەكانی ئەم یانەیە لەلای من راهێنانیان كردووەو لەلای منەوە پێگەیشتوون.
ئەو كوڕو كچانەی من پێمگەیاندوون لە سەرجەم قۆناغە جیاجیاكانی تەمەندا، زۆربەیان یان پاڵەوانی عیراقن یان خاوەنی میدالی بەرزی دەرەوەی عیراقن و خاوەنی چەندین ریكۆردی كوردستان و عیراقیشن.

*ماوەی چەندە لەو یانەیە نەماویت؟.
–ماوەی دوو ساڵە لەو یانەیە بەرەسمی دەستم لەكار كێشاوەتەوەو لەهیچ یانەیەك نەبووم.

*ئەی لە كاری راهێنەریش دووركەوتبوویتەوە یان نا؟.
–نەخێر لەو ماوەیەدا لەم ئەركە دانەبڕام و زۆربەی یاریزانە باشەكان هەرلەلای من بێ هیچ بەرامبەرێك راهێنانیان كردووەو بەردەوام بوون.

*ئەی هۆكاری رۆیشتنەكەت لەیانەی پێشمەرگە چی بوو؟.
–بەڕاستی من هیچ كێشەیەكم لەگەڵ سەرۆك و دەستەی بەڕێوەبەری یانەكە نەبووە، من بۆخۆم ماوەی چوار ساڵ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یانەكەش بووم، بەڵام كێشەكەی من ئەوەبوو كاتێك یاریزانێكم پێدەگەیاند، راهێنەرەكانی ئەم یانەیە بە حازری ئەیان بردن، ئەمەش كێشەیەكی گەورە بوو، ئیدارەی یانەكەش ئەمەی بۆ چارەسەر نەدەكرا، دڵگرانیش بووم بەوەی نەمدەزانی یانەكەم بەچ پێوەرو بژاردەیەك راهێنەری بۆ یانەكە دیاری دەكرد.

هەروەها ووتی: راهێنەرێك هیچ یاریزانێكی نەبێت، هەر كە دەهاتە یانەكەمان یەكسەر یاریزانەكانی من بێ پرسیار دەبرد، ئیدارەی یانەش هیچی نەدەكرد، لێرەدا دەبوو یان ئەوەتا من دەبێت بەتەنیا بم و یاریزانم نەمێنێت، یان ئەوەتا ئەوان بەردەوام بن، بۆیە من بڕیاری ئەوەمدا با ئەوان بمێنن و با تیپی یانە تێك نەچێت، دواجاریش بیرم كردەوە كە من 10 ساڵ یاریزان پێبگەینم و راهێنەرێكیش بێتە سەر حازری و بەئاسانی لە دەستمی بكاتەوە و بیبات، ئەمە مایەی قبوڵ كردنی من نەبوو، ئەمانە هەموویان منیان بێزار كرد و بوونە هۆی ئەوەی من ئەم هەنگاوە بنێم و لەشوێنێكی تر كە یانەی سلێمانیە درێژە بەخزمەت بدەم.

*ئەی هەڵبژاردنی یانەی سلێمانی چۆن بوو؟.
–من و یانەی سلێمانی بەیەكتر نامۆ نین، من ساڵانی هەشتاكان لەم یانەیە یارییم كردووە و پاڵەوانی عیراقیش بووم، جگەلەوەش پاش وازهێنان لەیارییكردن ماوەیەكی زۆر راهێنەری ئەم یانەیە بووم، ماوەیەكیش ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریشی بووم، بۆیە راستە ماوەیەك لێی دوور بووم، بەڵام هەموو كات خۆم بە ئەندام و كوڕی یانەكە زانیوە.

*ئەی كاتێك تۆ ئەوەت بەیانەی سلێمانی ووت كە دەتەوێت بگەڕێیتەوە بۆ یانەكە، ئەوان كاردانەوەیان چۆن بوو؟.
– سەرۆك و ئیدارەو لێپرسراوانی یانەكە هەموویان هاوڕێی خۆمن، بەخۆشحاڵییەوە بیرۆكەكەی منیان قبوڵكرد و پێشوازییەكی باشیان لێكردم و بەلێنی هاریكاری و هاوكاری باشی منیان داوە.

*وەك ئاگادارین كە یاریزانەكانی ئێستات لە یانەی سلێمانی زۆربەیان لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانییەوە هاتوون، ئەمە چۆنە؟.
–زۆر راستە جیا لەوەش ئەو یاریزانانەن كە خاوەنی ریكۆرد و ئەنجامی باشن لەسەر ئاستی كوردستان وعیراقیش، هاتنەكەشیان بۆلای من لە یانەی سلێمانی بەهۆی ئەوەوە بوو كە یانەی پێشمەرگە بۆندی هیچیانی نوێ نەكردۆتەوەو بەجۆرێك لە جۆرەكان دەستبەرداریان بوون، بۆیە هاتنەوە لام و بوون بە یاریزانی یانەی سلێمانی.

*ئەی بۆ مەسەلەی بۆندو مووچە بۆ ئەو یاریزانانە یانەی سلێمانی چ هەنگاوێكی ناوە.
–من بۆخۆم بە خۆبەخش و بێ هیچ بەرامبەرێك ئەم ئەركە رادەپەڕێنم، ئەوەش بەشانازی دەزانم و بەسە بۆمن كە ئەندامی یانەی سلێمانیم، بەڵام یاریزانەكان یانە بڕیاریداوە مووچەیان بۆ دابین بكات.

*ئێستا ئێوە لەم ئەركە نوێیەتاندا گەیشتوونەتە كوێ؟.
–دیارە ئێمە تا ئەم ساتە تیپ نین، وەك یاریزانی تاك مەشق و راهێنانەكانمان درێژە پێدەدەین، سەرجەم یاریزانەكانیش ئاستی زۆر بەرزیان هەیە.

*جگە لەو ئەركە نیازی چیترتان هەیە؟
–بەم نزیكانە فێرگەیەكیش بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی كوڕو كچ دروستدەكەین.

*دیارترین ئەو یاریزانانەی ئێستا لای تۆ راهێنان دەكەن كامانەن؟.
(بنار مەحەمەد عینایەت یەكەمی ماراسۆنی هەولێر و یەكەمی راكردنی ماوە درێژەكانی كوردستان، هەردی ئازاد كەریم یەكەمی كوردستان و عیراق لە هەڵدانی قورسایی پێشكەوتووان، كوردستان بەمۆ یەكەمی لاوانی كچان و عیراق و خاوەنی ریكۆردی عیراق و یەكەمی دەرەوەی عیراق، هۆستان بەمۆ پلەی دووەمی عیراق لاوان، هۆنیا رەفعەت یەكەمی تازەپێگەیشتووان كوردستان و عیراق، چەند یاریزانێكی لاوی كوڕو كچیش پەیوەندییان پێوەكردووین، ئەمەو دوو پاڵەوانیشم لە یانەی پێشمەرگە ماون و منیان جێنەهێشتووەو راهێنان لەلای من دەكەن ئەوانیش بەهارو نێرگز ئەحمەدە كە دوو خوشكن لەیارییەكانی هەڵدانی دیسكدا.

*مامۆستا گیان ئێمە هیچی وامان نەماوە تۆ لەكۆتاییدا چی دەڵێیت؟.
–لەكۆتایی ئەم چاوپێكەوتنەدا دەمەوێت بڵێم هیوادارین هەموو لایەكمان لەهەر كوێبین و لەهەر ئەركێكدا بین ئامانجی سەرەكیمان خزمەتی وەرزشی شارەكەمان و كوردستان بێت و من سوپاستان دەكەم بۆ ئەم بەسەر كردنەوەیە.

دیدار:ستادیۆم

Exit mobile version
بازدە بۆ تووڵامراز