لە یاریزانێكی ئاست بەرزەوە بۆ نووسەری كتێب

وەفا نەقشبەندی

زۆرن ئەو كەسانەی كە ساڵانێكی زۆر لەگەڵ هەموو ئاستەنگەكان لەبواری وەرزشدا وەك ئەستێرەیەك لەبواری وەرزشدا درەوشاوە بوون، هەندێكیشیان تەنها لە بواری وەرزشدا نەوەستاون، بەڵكو هەوڵیانداوە بە نوسینەوەی زانیاریەكان بتوانن مێژوویەك بۆ خۆیان و نەوەی دوای خۆیان تۆمار بكەن، یەكێك لەو كەسانەی كە ساڵانێكی زۆر لە یاریی باسكەدا وەك یاریزان و راهێنەر خزمەتی بواری وەرزشی كردووەو ئێستاش وەك مامۆستای زانكۆ زیاتر خزمەت بە بواری وەرزشی دەكات، توانیویەتی چەند كتێبێكی تایبەت بە بواری وەرزش چاپ بكات، ئەویش (شنە زاهیر)ی یاریزانی باسكەی یانەی سلێمانی بوو.

توانیویەتی هەمیشە ببێتە جێی سەرنجی مامۆستاو راهێنەرەكانی
شنە كە ئێستا مامۆستای زانكۆی سلێمانییە لە كۆلێجی پەروەردەی وەرزش، باس لە دەستپێكی ژیانی وەرزشی دەكات و دەڵێت: لە قۆناغی سەرەتاییدا ساڵی (1993) كاتێك لەلایەن مامۆستا (هەڵكەوت) تاقی كردنەوەمان بۆ كرا، هەستی بەوە كرد كە من توانایەكی باشم هەبوو، بۆیە بڕیاریدا بە دەستنیشان كردنم بۆ بەشداریی كردن لە چالاكی ساڵانەی خوێندنگا سەرەتاییەكان، توانیم ببمە جێی متمانەی مامۆستاكەم و لە راكردنی (800)مەتردا پلەی یەكەم بەدەست بهێنم لەسەر ئاستی خوێندنگا سەرەتاییەكان، پاشان ساڵی (1995) مامۆستا (پەیمان) كە ئەو كات وانەی وەرزشی پێدەوتین، دەستنیشانی كردم بۆ بەشداریی كردن لە چالاكییە وەرزشییەكانداو دووبارە توانیم لەسەر ئاستی خوێندنگا ناوەندییەكان لە راكردنی (800) مەتردا پلەی یەكەم بەدەست بهێنم.

لەچەندین خول و پاڵەوانێتی ناوخۆو نێودەوڵەتی بەشداریی كردووە
شنە دەربارەی دەستپێكی ژیانی وەرزشی زیاتر دواو وتی: راهێنەرمان كاك (بەختیار) خۆی پەیوەندی بە خانەوادەكەمەوە كرد و داوای لێكردن كە دەبێت لە پاڵەوانێتی یانەكانی كوردستاندا بەشداریی بكەم، ئەوەبوو ساڵی (1995) لەشاری هەولێر بەناوی یانەی (كەمال سەلیم)ەوە بەشدارییم كردو توانیم لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەم و ریكۆردێكی نوێ بۆ كوردستان تۆمار بكەم و ریكۆردەكە بكەم بەناوی خۆمەوە، هەروەها لەماوەی ساڵانی (1996-2005) توانیم پاڵەوانی گۆڕەپان و مەیدان بم و (4) ریكۆرد بۆ كوردستان لە یارییەكانی (400م، 800م، 1500، سێباز) تۆمار بكەم.

لەساڵی (1995)ەوە دەستم كرد بە یاریی باسكەو بالە و توانیم بە ماوەیەكی كەم ببم بە یەكێك لە یاریزانە دیارەكانی كوردستان لە یارییەكانی(باسكە، بالە، گۆڕەپان و مەیدان، تۆپی دەست) و پاشان فوتساڵیش، هەروەها لەساڵی (1999)دا لەیاریی باسكەدا بۆ ریزی هەڵبژاردەی عیراق بانگهێشت كرام، بەڵام نەمتوانی بەشداریی بكەم، پاشان ساڵی (2003)وەك یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق دەستنیشانكرام، بەو هۆیەوە لەچەندین یەكەی مەشق و راهێنان لەناوخۆو دەرەوەی عیراق بەشدارییم كرد تا ساڵی (2011) بەردەوام بووم، پاشان بەهۆی سەرقاڵبوونم بە خوێندنەوە لە خوێندنی باڵا نەمتوانی بەردەوام بم.

وەك نوێنەری عیراق بەشداریی بەرنامەیەكی كەناڵی جەزیرە سپۆرتی كردووە
لە درێژەی دیمانەكەدا شنە باسی لەو خول و پاڵەوانێتییانە كرد كە بەشداریی تیایاندا كردووەو وتی: ساڵی (2003-2011) یاریزانی باسكەی كچانی هەڵبژاردەی عیراق بووم و بەشداریی چەندین پاڵەوانێتی عەرەب و نێودەوڵەتیم كردووە، هەروەها ساڵی (2006) لە پاڵەوانێتی باسكەی یانەكانی عەرەب لە دوبەی بەشدارییم كردووەو ساڵی (2007) لە پاڵەوانێتی باسكەی رۆژئاوای ئاسیا لە سوریا و ساڵی (2008) لە پاڵەوانێتی باسكەی (خولی عەرەبی)، هەمان ساڵ وەك نوێنەری عیراق بەشداریی بەرنامەی (رمیە العمر)ی كەناڵی ئەلجەزیرە سپۆرتم كردووە.

خاوەنی چەندین بڕوانامەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە
شنە زاهیر خاوەنی چەندین بڕوانامەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە لە راهێنانی باسكەدا و بڕوانامەی ناوبژیوانی پلەی دووی كوردستانی هەیە، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتی لێهاتوویی جەستەییە، بەشداریی خولی راهێنانی نێودەوڵەتی گۆڕەپان و مەیدانیشی كردووە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عیراق كراوە بۆ یاریی فوتساڵ، چەندین جار وەك باشترین یاریزان لەسەر ئاستی سلێمانی و كوردستان و عیراق دیاریی كراوەو خەڵاتی تایبەتی پێبەخشراوە.

شنە زاهیر دەڵێت: ژیانی وەرزشیم دەستكەوتێك بووە بۆم تا ساڵی (2011) وەك یاریزان بەردەوام بووم.

بیری لەنوسینی كتێب كردۆتەوە
لەپاش ئەزموونە زۆرەی بواری وەرزش، ئەو بیری لە نوسینی چەند كتێبێكی تایبەت بە بواری وەرزش كردەوە، سەبارەت بەمەش خۆی دەڵێت: پاش ئەوەی لە خوێندنی ماستەر وەرگیرام، تێبینیم كرد كەمی سەرچاوەی كوردی و هەژاری كتێبخانەی كوردی بە تایبەت كتێبخانەی وەرزشی، یەكێك بوو لە كێشەكان چونكە لەئێستادا خوێندن لە پەیمانگای وەرزشی و كۆلێجی پەروەردەی وەرزش بە زمانی كوردیە،ئەمەش گرفتێكی گەورەی بۆ خوێندكار دروستكردووە، بۆیە هەوڵمدا چەند كتێبێکی زانستی وەرزشی بەزمانی كوردی ئامادە بكەم.

كتێبەكان بوون بە بەشێك لە پرۆگرامی خوێندن.

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا هەوڵتان نەداوە ئەو كتێبانە ببن بە بەشێك لە پرۆگرامی خوێندنی پەیمانگا و كۆلێجە وەرزشیەكان، شنە دەڵێت: لە ئێستادا بەرهەمەكانم لە زانكۆو پەیمانگا وەرزشییەكاندا بۆ خوێندن بەكاردەهێنرێن، چونكە (3) لە بەرهەمەكان پرۆگرامن وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و لەزانكۆی پەیمانگاكان دەخوێندرێت، تا ئێستا چوار كتێبم بڵاو بۆتەوە ئەوانیش (زانستی فسیۆلۆژیای راهێنان، گۆڕەپان و مەیدان، پزیشكی وەرزشی، زانستی وەرزش و تەندروستی لەش).

داهاتی كتێبەكانی پێشكەش بە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت كردووە
هەروەها وتیشی: داهاتی دوان لە كتێبەكانیشم پێشكەش بە وەرزشی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و خوێندكارانی كەم دەرامەتی كۆلێجی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سلێمانی كردووە.

راهێنەری بۆ چەند یانەیەك كردووە
لەكۆتایی دیمانەكەدا لێمان پرسی بەنیاز نین وەك راهێنەر بتوانن لە یانەیەك بەردەوام بن لە یاریی باسكە، یاخود تا ئێستا هیچ یانەیەك ئەو داوایەیان ئاڕاستە نەكردویت؟ شنە زاهیر لەوەڵامدا وتی: پێشتر لە هەریەك لە یانەكانی (كەمال سەلیم، نەورۆز، ئافرۆدێت) راهێنەر بووم، هەروەها راهێنەری هەڵبژاردەی زانكۆ بووم لە یارییەكانی (باسكە، تۆپی دەست، گۆڕەپان و مەیدان، فوتساڵ، تۆپی سەرمێز، شەترەنج)، لە ئێستاشدا یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی كچانی باسكەی عیراقم، هەروەها وەك دەستەی كارگێڕی یانەكانی كەمال سەلیم و نەورۆز كارم كردووە.

له‌ ستادیۆمه‌وه‌

Exit mobile version
بازدە بۆ تووڵامراز