
ئامادهكردنى :سهركهوت محهمهد
لە بەشی یەکەمی زنجیرە ڕاپۆرتی (پیشەگەرە کوردەکان) باسی یاریزانێکی بەڕەگەز کورد دەکەین کە لەیەکێک لە خولە دیارەکانی ئەوروپا جێگای خۆی کردۆتەوە و مێژوویەکی جوان دەنوسێتەوە ..
کاوە ڕەزایی ئەو کوڕە کوردەی لەدایک بووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ئێستا لە ئەزمونێکی پیشەگەرانەیە و ناوی خۆی لە نێو پەڕەی ڕاگەیاندنەکان نوسیوەتەوە .
لێرەدا و لەم بڕگەیەدا ئەم کوڕە کوردەتان پێ دەناسێنین .
*بیۆگرافیای کاوە ڕەزایی :
ناوی تەواوی (کاوە ڕەزایی) لە 5 ی 4 ی 1992 لە
شاری ئاروناوای سەر بە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و لە هێڵی هێرشبردن یاری دەکات ..
باڵای کاوە 185 سانتیمەتر بەرزە و لە خولی یانەکانی ئێران و بەلجیکا یاری کردووە ..
*ئەزموونی پیشەگەری کاوە ڕەزایی:
*لە ساڵی 2005 بۆ 2011 لە تیپی لاوانی فولاد خۆزستان ـ ی ئێرانی بووە لەگەڵ چەند بەشداریەکی لە تیپی یەکەم..
*لە ساڵی 2009 تاکو 2012 لە تیپی یەکەمی فولاد خۆزستان یاری کردووە و لەکۆی 35 یاری ، 1 گۆڵی تۆمارکردووە و 1 گۆڵیشی دروست کردووە .
*لە نێوان ساڵانی 2012 تا 2015 یاری بۆ یانەی سایپا ـ ی ئێرانی کردووە و لەکۆی 72 یاری ، 13 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 گۆڵیشی دروستکردووە کردووە .
*لە وەرزی 2015- 16 ڕووی لە یانەی زوبەهان ئەسفەهانی ئێرانی کردووە و لەکۆی 45یاری ، توانیوێتی 14 گۆڵ تۆماربکات و 10 گۆڵیش دروست بکات.
*لە وەرزی 2016-17 ڕوو لە یانەی ئیستقلال تەهرانی ئێرانی دەکات و لە کۆی 40یاری یانەکەیدا 13گۆڵ تۆماردەکات و 13 گۆڵیش دروست دەکات.
*لەساڵی 2017 ئەزمونی پیشەگەری خۆی تاقیدەکاتەوە و ڕوو لە ڕیاڵ چارلواـ ی بەلجیکی دەکات و لەکۆی 70یاری یانەکەی 33گۆڵ تۆماردەکات و 11 گۆڵیش دروست دەکات .
*لە وەرزی 2018-19 دوای وەرزێکی پڕ گۆڵ لەگەڵ ڕیاڵ چارلوا بە بۆندێکی 5 ملیۆن یۆرۆی ڕوو لە یانەی کڵوب بروجی هەمان وڵات دەکات کە گەورەترین بۆندی مێژووی یانە مێژوویەکەی بەلجیکایە بەڵام پێکان بەرۆکی دەگرێت و تەنها لە 14یاری بەشداردەبێ و تێیاندا1گۆڵ دەکات و گۆڵێکیش دروست دەکات.
*دووای تێپەڕاندنی وەرزێکی ناخۆش و پڕ لە پێکان بەجۆرێک پێکان نەیهێشت بەشداری یاریەکانی یانەکەی بکات لە جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەروپا کە کەوتبوونە کۆمەڵەی یانەکانی ( بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی) کە دوو لە زلهێزترین یانەکانی ئەوروپان ، هەر بۆیە لە کۆتایەکانی ساڵی2019 بەشێوەی خواستن گەڕایەوە یانەی ڕیاڵ چارلوا و تاکو ئێستاش لەوێ بەردەوامە.
کاوە ڕەزایی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران:
*لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 17 ساڵی ئێران لەکۆی 13یاری 10 گۆڵی تۆمارکردووە.
*لەگەڵ هەڵبژاردەی خوار 20 ساڵی ئێران لەکۆی 3 یاری ،5 گۆڵی تۆمارکردووە.
*لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ئێران لەکۆی 19 یاری ، 11 گۆڵی تۆمارکردووە.
*لەگەڵ هەڵبژاردەی یەکەمی ئێران لەکۆی 12 یاری ، 1 گۆڵی تۆمارکردووە..
کۆمەڵێک زانیاری لەسەر کاوە ڕەزایی :
ـ لە 22 ی 8 ی 2018 کاوە بەبڕی 5 ملیۆن یۆرۆ ڕوویکردە کڵوب بروج بەوەش بوو بە گرانترین یاریزانی مێژووی کلوب بروج
ـ کاوە لەگەڵ خانمە یاریزانی هەڵبژاردی ئێران بۆ یاری بالە (فەرنوش شیخی) هاوسەرگیری کردووە .
ـ خەزوری کاوە (فەرەیدون شیخی) دادوەر بووە و لە مانگی 1 ی 2019 بە پیلانێک کوژرا..
ـ هاوڕێی نزیکی (ناڤید محەمەدزادە)ی ئەکتەری کوردی ئێرانیە..
ـ دەتوانێ زۆۆر بە باشی بەزمانی کوردی قسە بکا.
گرنگترین دەسکەوتەکانی کاوە ڕەزایی :
دەسکەوتە بە کۆمەڵەکان:
ـ لەگەڵ زوبەهان ئەسفەهان دوو جار جامی ئێرانی بەدەست هێناوە.
ـ جامی تازەپێگەشتوانی ئاسیا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران بەدەست هێناوە
دەسکەوتە تاکە کەسیەکان:
ـ گۆڵکاری جامی ئاسیای تازەپێگەشتوانی ساڵی 2008
ـ گۆڵکاری جامی ئاسیای ئۆڵۆمپی 2013
ـ گۆڵدروستکەری خولی ئێران وەرزی 2016-17
ـ پێکهاتەی باشترینەکانی خولی ئێران وەرزی2016-17