گه‌رمیان به‌ بردنه‌وه‌ خولى مامى كرده‌وه‌

گەورەترین خولی تۆپی پێ بەناوی خولی مام لەهەڵەبجە كرایه‌وه‌ و هەڵبژاردەی شارەكانی سنوری هەرسێ پارێزگای سلێمانی و كەركوك و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بەشداری تیادا دەكەن، بۆردی وەرزشیی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش چاودێری خولەكە دەكات و نوسینگەی سەرۆك لاهور هاوسەرۆكی یەكێتی سپۆنسەری خولەكە دەكات.

10 هەڵبژاردە بەشدارن
لەبارەی بیرۆكەی رێكخستنی خولەكە و چۆنیەتی بەڕێوەچونی یارییەكان و ئامادەسازییەكانەوە سۆران مەجید سەرۆكی لیژنەی باڵای تیپە میللیەكانی هەڵەبجە بۆ كوردستانی نوێ دواو وتی: لەدوای وەفاتی سەرۆك مام جەلالەوە ساڵانە خولی تۆپی پێ و چالاكی جۆربەجۆری وەرزشیی بەناوی مام-ەوە لە هەڵەبجە رێكدەخرێت، بەڵام ئەمساڵا خولەكە گرنگی گەورەی پێدراوەو هەڵبژاردەی 10 پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاوازەكان بەشداری تێدا دەكەن و گەورەترین خول دەبێت لەباشووری كوردستان

ئامادەكاری پێویست كراوە
یارییەكانی خولەكە لەیاریگای شاهۆ حەمەفەرەج لەهە ڵەبجە بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردەی شارەكانی سلێمانی، كەركوك، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، گەرمیان، كۆیە، چەمچەماڵ، سیدسادق، ناوچەی قەرەداغ، شارەزوور بەشداری تێدا دەكەن، سەبارەت بەمەش سۆران مەجید وتی: وەك لیژنەی سەرپەرشتیار كرێی گواستنەوەی تیپەكان و یاریگاو داوەر و بێژەر دابینكراوەو جلوبەرگ و پێڵاوی وەرزشی بۆ تیپ و یاریزانەكان دابین كراوە و لەڕووی ئەمنی و تەندروستیشەوە ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر.

داوەرو بێژەر
سەرۆكی لیژنەی باڵای تیپە میللییەكان زیادتر دواو وتی، لەبەر گەورەیی و گرنگی خولەكە كۆمێنتاری وەرزشیی لەیاریەكاندا ئامادە دەبێت و باشترین و دیارترین داوەرەكانی كوردستان و ناوچەكە یارییەكان بەڕێوەدەبەن و مەراسیمی دەستپێكردنی خولەكەو كۆتایی خولەكەش لەئاستێكی بەرزدا بەڕێوەدەچێت و دەیان كەسایەتی ناوداری وەرزشی و سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتی بانگهێشتی مەراسیمی دەستپێكردن و كۆتایهێنانی خولەكە دەكرێن.

مام لە یاریگادا
سالڵانە لەهەڵەبجە چەند خولێكی تۆپی پێ بۆ یانەو هەڵبژاردەكانی كوردستان ڕێكدەخرێت و بەهۆی گەڕانەوەی جەماوەرێكی زۆر بۆ یاریگاكان زۆرجار گرفت و گرژیی جەماوەریی رویانداوە، سۆران مەجید وتی: گرژییەكان مایەی نیگەرانین، بەڵام ئاماژەیەكی گرنگیشە بۆ حەماسەت و گەڕانەوەی جەماوەر بۆ یاریگاكان، بەڵام سروشتی ئەو خولانەی بەناوی مامەوە دەكرێنەوە وەهایە كەمترین حاڵەتەكانی گرژی دروست دەبێت و سەرجەم تیپە بەشدارەكان و جەماوەرەكانیشیان سڵ لەنانەوەی گرژی و پشێوی دەكەنەوە و سەرجەم خولەكانی مام بەبێ كێشە كۆتاییان هاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ بەپلانێكی داڕێژراو كۆنترۆڵی لایەنی ئەمنی خولەكە دەكرێت و بەهۆی ڤایروسی كۆرۆناشەوە رێوشوێنی تەندروستی پێویست دەگرینەبەر.

خەرجییەكان
لەبارەی خەرجییەكانی خولەكەو چۆنێتی خەرجییەكانەوە سۆران مەجید وتی: سەرجەم خەرجیەكانی خولەكە لەلایەن نوسینگەی هاوسەرۆك شێخ لاهورەوە دابینكراوە و بۆ هەرتیپ و یاریزانێك درسێكی هەژدەیی و پێڵاوی وەرزشی مۆدێرن دابینكراوە و پشتیوانی دارایی داوەرو كۆمێنتارانی وەرزشیی بەشدار دەكرێت و سوتەمەنی پێویست بۆ ئۆتۆمبێل و كرێی گواستنەوە دابین كراوە و شێوازی خەرجییەكان و دابینكردنی پێداویستتیەكان هاوشێوەی كەرناڤاڵە وەرزشییە جیهانیەكان دەبێت.

له‌ یه‌كه‌م یارى پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش گه‌رمیان به‌ سێگۆڵى بێوه‌ڵام توانى له‌ كۆیه‌ بباته‌وه‌.

Exit mobile version
بازدە بۆ تووڵامراز