سه‌رۆك كۆمار پێشوازیکرد لە عەدنان درجال

لە میانی پێشوازیکردنی لە وەزیری وەرزش و لاوان سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لەگرنگی پشتیوانی لە بەهرەی لاوان و پەرەپێدانی دامەزراوە وەرزشییەکان

سەرۆک کۆمار د.بەرهەم ساڵح، ئەمرۆ دووشەممە ٢٠٢٠/١١/١٦ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە عەدنان درجال وەزیری وەرزش و لاوان.

لەو دیدارەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پاڵپشتیکردنی توانا و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی لاوان، لە رێگەی پەرەپێدانی دامەزراوە وەرزشییەکان و ھێنانەکایەوەی دەرفەتی گونجاو بۆ لاوانی داهێنەر و گەشەپێدانی تواناکانیان لە پێناو پێشخستنی بواری وەرزشی و بەرزکردنی ناوبانگی وڵات لە ناوەندە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان و پشتیوانیکردن و رێزلێنان لە وەرزشەوانی داهێنەر کە دەستکەوتیان بۆ وڵات بەدەست هێناوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم گوێی گرت لە وەزیری وەرزش و لاوان لە بارەی کار و پلانەکانی وەزارەتەکەی سەبارەت بە پەرەپێدانی کەرتی وەرزش، هاوکات سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پەرەپێدانی بواری وەرزشی و ئامادەکردن و چاودێریکردنی لاوان و رەخساندنی دەرفەت بۆ بەهرە داران تاوەکو خەونەکانیان بەدیبهێنن.

Exit mobile version
بازدە بۆ تووڵامراز