دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٣١-٨-٢٠٢١ بە شێوەیەکی فەرمی یاریزان (ئاسۆ رۆستەم) بە ڕەزامەندی خۆی گەیشتە ڕێکەوتن بۆ یاریەکانی وەرزی نوێی خولی پلەیەکی عێراق درێسی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بپۆشێت و لە هەمان بەرواردا لەگەڵ یانەکەمان ئامادەی مەشق و ڕاهێنانەکان بوو وە لە یاریە دۆستانەکانماندا بەشداری پێکراوە کە دواهەمین یاری رۆژی یەکشەممە لەبەرانبەر یانەی نەفتی وەسەت بوو.
لە رۆژی دووشەممە دوای گەڕانەوەی بۆ ڕاهێنانەکان بەهۆی بوونی ئازار لە ئەژنۆیدا مۆڵەتی پێدراوە و ئەمرۆ شەممە پێویست بوو وەک سەرجەم یاریزانەکانی تر پەیوەندی بکاتەوە بە مەشق و ڕاهێنانەکانی یانەکەمانەوە بەڵام ئامادەنەبوو وە بەبێ ئاگاداری یانەکەمان پەیوەندی بە یانەی نەورۆزەوە کردووە.
بەر لە هەموو شتێک ڕووی گلەیمان لە دەستەی کارگێری یانەی نەورۆزە کە بەبێ گەڕانەوە و ئاگادارکردنەوەمان گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک دەکەن کە لەگەڵ یانەیەکی تر گرێبەستی کردووە و مەشق و ڕاهێنان و یاری دۆستانەی و ئامادەکاری دەکات بۆ بەشداری کردن لە خولی یانە پلەیەکەکانی عێراق کە ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ دەستپێکردن.
لە ماوەی ڕابردوو هەوڵدراوە کە چەند یاریزانێکی تری یانەکەمان کە بە فەرمی گرێبەستیان ئەنجامداوە بگوازنەوە بۆ ڕیزەکانیان.
ئێمە وەک یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی نیگەرانی تەواوی خۆمان دەخەینە ڕوو لە بەرانبەر یاریزانی ناوبراو و یانەی نەورۆز کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دوورن لە هەموو بەهایەکی بەرزی وەرزشی و بەو ئومێدەی بە بڕیارێکی دروست لەلایەن یانەی نەورۆزەوە نیگەرانیەکانی ئێمە بڕەوێنێتەوە و نەبێتە هۆی ڕاگرتنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئەویانەیە.
یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی