
بەم دواییە خولێكی راهێنەریی لەسەر ئاستی ئاسیا بۆ ئەو راهێنەرانە رێكخرا كە بڕوانامەی (ئاستی C) یان هەیە بۆ ئەوەی بڕوانامەكانیان بەرز بكرێتەوە بۆ ئاستی (B).
ئەم خولە لەسلێمانی رێكخرا، ماوەی 21 رۆژی خایاند، 24 راهێنەر ئەوانەی خاوەنی بڕوانامەی (ئاستی C) بوون تیایدا بەشدارییان كرد، لەنێو ئەو ژمارە راهێنەرەدا تەنیا یەك كچە راهێنەر بەشدار بوو ئەویش خاتو تانیا ئەحمەد عەبدولرەحمان بوو.
ستادیۆمیش بۆ بەسەر كردنەوەی ئەم كچە راهێنەرە تاقانەیەی خولەكە چەند پرسیارێكی ئاڕاستە كردو ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
سەرەتا پێویستە باسێكی كورتی ژیانی وەرزشی خاتو تانیا بكەین، تانیا ساڵی 1992 لە دوكان لە دایكبووە، ئێستا فەرمانبەرە لەدوكان، هەر لەمنداڵییەوە خولیای وەرزش بووە و دەستی بەوەرزشكردن كردووە، سەرەتا لە قوتابخانەكانی دوكان، ساڵی 2009 تا 2012 یاریزانی فوتساڵی یانەی دوكان بووە، لەبەر ئەوەی ئەو تیپەی دوكان راهێنەرێكی باشی نەبووە، تیپەكە نەماوەو ئەمیش لە یارییكردن دوركەوتۆتەوە و خەریكی خوێندن بووە.
پاش ئەوەی بڕوانامەی دبلۆم لە بورای ژمێریاریدا بەدەستدەهێنێت، دەبێتە راهێنەر و سەرپرشتیاری تیپی فوتساڵی كچانی یانەی دوكان و تیپێكی باش دروستدەكات، هەر لەو ماوەیەدا بەشداریی خولێكی راهێنان دەكات و بڕوانامەی (ئاستی C) وەردەگرێت.
سەبارەت بەبەشدارییكردنەكانیشی وەك راهێنەر بۆ ستادیۆم دواو ووتی: ساڵی 2019 بەشداریی خولی نایابی فوتساڵی كچانی یانەكانی كوردستانمان كردو توانیمان لە خولەكەدا بمێنینەوە و دانەبزین بۆ خولی ئاست نزمتر، ئێستاش فێرگەیەكی تۆپی پێی كچانم لە دوكان دامەزراندووە و راهێنانیان پێدەكەم.
سەبارەت بە خولی راهێنانەكەی سلێمانی و بەشداریكدنی لەو خولەشدا ووتی: من لە نێو 24 راهێنەری بەشداری خولەكەدا، تاقانە كچی بەشداریی ئەو خولی راهێنانە بووم، سەركەوتووانەش لە گەڵ برا راهێنەرە بەشدارەكان سەرجەم وانە تیۆری و پراكتیكییەكانمان بەسەركەوتووی تەواو كردو بڕوانامەی بەشدارییكردنم وەرگرتووە.
هەر سەبارەت بەخولەكە ووتی: هەردوو وانەبێژی ئاسایی (د.كازم روبەیعی و سەعد حافز) وانەكانیان پێدەوتینەوە، سەبارەت بەوانەكانیش ووتی: بەیانیان سەعات 6 بۆ 9 ی بەیانی وانە پراكتیكییەكانمان وەردەگرت، سەعات 10 ی بەیانی بۆ 1 ی نێوەڕۆش وانە تیۆرییەكنامان وەردەگرت و منیش سەركەوتووانە سەرجەم وانەكانم تێپەڕاند لە هەردوو تاقیكردنەوەی كۆتاییشدا متمانەی تەواوم بەخۆم هەیە كە تیایاندا دەردەچم.
دوا قسەشی بۆ ستادیۆم ئەوبوو ووتی: نەبوونی هیچ كچێكی تر لە خولەكەدا هیچ كێشەیەكی بۆ دروست نەكردم و بڕوا بەخۆبوونم وایكرد تا كۆتایی بە باشی بەشدار ببم و چاوەڕوانی ئەنجامی باشیش دەكەم.
هەروەها ووتی: خولەكە زۆر سەركەوتوو بووە، وانەكان زۆر بابەتی تازەو سود بەخشیان تیادا بووە و من سودی زۆرم لێوەرگرتوون، ئێستا چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەنجام دەكەم.
له ستادیۆمهوه