هه‌رێز جه‌مال
سه‌عات 7:30ـى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه به فیكه‌ى ناوبژیوان ئه‌حمه‌د كازم به ئاماده‌بوونى نزیكه‌ى 25 هه‌زار هانده‌ر له‌سه‌ر یاریگاى یانه‌ى دهۆك له جه‌وله‌ى پێنجه‌مى خولى نایابى تۆپى پێى یانه‌كانى عیراق هه‌ردوو یانه‌ى دهۆك و هه‌ولێر له یارى كلاسیكۆى كوردستانى خوله‌كه به‌رامبه‌ر یه‌كتر یاریده‌كه‌ن .
ماوه‌ى شه‌ش ساڵه له خولى یانه نایابه‌كانى عیراق ئه‌م یارییه به‌رێوه‌نه‌چوو هۆكاره‌كه‌ش دابڕانى دهۆك بوو له خوله‌كه‌و دابه‌زینى بوو بۆ ریزه‌كانى خولى پله‌یه‌ك، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ وه‌رزى ئه‌مساڵ ئه‌مه جارى یه‌كه‌مه له قۆناغى چوون هه‌ردوو یانه به‌رامبه‌ر یه‌كتر ده‌وه‌ستنه‌وه .
بۆ وه‌رزى ئه‌مساڵ، تیپى میواندار تووشى هیچ شكستێك نه‌بووه‌و به ده‌ستپێكێكى باش خۆى كرده‌وه به خولى نایاب، له چوار یاری رابردوو، دوو بردنه‌وه‌و دوو یه‌كسانى تۆماركردووه‌و خاوه‌نى 8 خاڵه‌و له خانه‌ى هه‌شته‌مه ، به پێچه‌وانه‌وه‌ى هه‌ولێره‌وه كه به‌یه‌كێك له خراپترین دهستپێكهكانى له مێژووى خوله‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێ ، سه‌ربارى دوورخسته‌وه‌ى نزار مهحروسى راهێنه‌ر پاش سێ جه‌وله له چوار یارى رابردووى یانه‌ى پایته‌خت خاوه‌نى سێ شكست و یهكسانبوونێكهو مه‌به‌ستیانه له ده‌روازه‌ى دهۆكه‌وه یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ى وه‌رزى ئه‌مساڵ بنووسنه‌وه .
هه‌ر ئه‌مڕۆش له خوله‌كه‌دا چه‌ند یارییه‌كى تر به‌م شێوه‌یه به‌رێوه‌ده‌چێت
زاخۆ- نه‌جه‌ف سه‌عات 2:00
زه‌ورا – نه‌ورۆز سه‌عات 3:00
نه‌فتى میسان-جه‌ویه سه‌عات 3:00
نه‌فتى به‌سره:كاره‌با سه‌عات 4:00
حدود -ته‌ڵه‌به سه‌عات 8:00