لێدانی تۆپ بەسەر قەدەغە دەكرێت؟
زۆرێك لە راهێنەرانی ئینگلتەرا داوا دەكەن لە كاتی راهێناندا لێدانی تۆپ بە سەر لە لایەن یاریزانانەوە قەدەغە بكرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی چەندین لێكۆڵینەوە دووپاتیان كردۆتەوە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن ئەمە دەبێتە هۆی نەخۆشی زەهایمەر، ئەم داواكارییەی راهێنەرانیش دوای مردنی نۆبی ستایلزی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بوو لە مانگی رابردوودا.
ستایلز و چەندین یاریزانی تری ئینگلتەرا كە براوەی مۆندیالی 1966 بوون، پێش مردنیان توشی نەخۆشی زەهایمەر بوون، بۆبی چارلتۆنی ئەفسانەش كە ئێستا تەمەنی 83 ساڵە ئەویش بەدەست هەمان نەخۆشییەوە دەناڵێنێت.
سلاڤن بیلیچی راهێنەری وێست برۆمیچ لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوەداوە لێدانی تۆپ بەسەر لە راهێناندا لە 10 جار زیاتر دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانەكە لە داهاتوودا توشی نەخۆشی زەهایمەر بیت.
فرانك لامپاردی راهێنەری چێڵسیش لای خۆیەوە ئاماژەی بەوەداوە بیر لەوە دەكاتەوە شێوازی راهێنان بگۆڕێت و دوپاتیشی كردۆتەوە وا بە باش دەزانێت لەكاتی راهێناندا رێگە بە یاریزانانی لاو و تازە پێگەیشتوو نەدرێت بەسەر لە تۆپ بدەن و دواتریش لە تیپە پێشكەوتوەكانیش ئەوە جێ بەجێ بكرێت.
هۆكاری داواكارییەكەش بۆ نەهێشتنی راهێنان كردن لەسەر لێدان بەسەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زۆرینەی یانەكان راهێنانی تایبەت بەو بوارەیان هەیە بۆیە لەكاتی راهێناندا یاریزانان زۆرترین تۆپ بەسەر لێدەدەن، بەڵام لە كاتی یاریدا ئەمە كەمترە.
بەپێی زۆرێك لە سەرچاوەكانیش هۆكاری ئەوەی كە یاریزانە كۆنەكان زیاتر توشی نەخۆشی زەهایمەر بوون دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە رابردوودا تۆپی یاریكردن كێشی زیاتر بووەو زیانی زیاتری بەسەری یاریزانان گەیاندوە.
knwe