ڕاپۆرت

ناوبژیوانێکی كورد یارییەکی مۆندیال بەڕێوەدەبات

چەند وڵات بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییەی پارائۆڵۆمپییان کرد

زاگرۆس نانەكەلی

عەلی حسین ئەحمەد ساڵی 1990 لە شارۆچكەی مەخمور لەدایكبووە، ئەو دەرچووی كۆلێجی پەروەردەی وەرزشیی زانكۆی سەڵاحەدینە، یاریزان و نابژیوان و راهێنەری یارییەكانی پارائۆڵۆمپی بووە، لەهەمان كاتیشدا وەك رۆژنامەنوسێكی وەرزشیی كار و روماڵی تایبەتی وەرزشی كەم ئەندامانی دەكرد.

چەند ساڵێك لەمەوبەر چۆتە بەریتانیا، لەوێش هەر ئارەزوی وەرزشیی نەمردووەو بەردەوام بووە، لەوێش چەندین بڕوانامەی لە بواری ڕاهێنەریی و ناوبژیوانی و شیكەرەوەی وەرزشی بەدەستهێناوە و بەشێك لە بڕوانامەكان نێودەوڵەتین لە ووڵاتانی ژاپۆن و ئێران بەدەستیهێناون، لە هەمان كاتدا خاوەنی چەند بڕوانامەیەكی تریشە لە بواری میدیایدا.

بۆ بەسەر کردنەوەی ئەم وەرزشکار و میدیاکارە، بە پێویستم زانی لە دیدارێکدا چەند پرسیارێکی لێبکەم و ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە؛

* دەكرێ باسی مۆندیالی یارییەكانی (IBSA) ی 2023 ی پێرمنگهاممان بۆ بکەیت؟.
-ئەم پاڵەوانێتییە بۆ کاسانی خاوەن پێداوستی تایبەت بوو، یاریەكانی تۆپی پێی نابینایان و تایكواندۆ و شەترەنج و یاری گۆڵ بۆڵ و بەرزكردنەوەی قورسایی و مەلەوانی و شۆ داونی لە خۆ گرتبوو، ژمارەی بەشداربووانی ئەم پاڵەوانیەتیە 1200 بەشداربوو بوو، سەرەنجامیش هەڵبژاردەی چین پلەی یەكەمی دەستەبەر كرد.

* چەند وڵات بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییەی پارائۆڵۆمپییان کرد؟

– (ئینگلتەرا و ئەڵمانیا و دانیمارك و بەرازیل و ئەرجەنتین و ئەمریكا و ئوستراڵیا و توركیا و میسر و ئێران و كەنەدا و ئیسرائیل و یۆنان و ئۆكڕانیا و چین و ژاپۆن و كۆریایی باشوور و فینلەندا) بە تیمەکانی كچان و كوڕان بەشدارییان کرد.
*بەشدارییکردنی تۆ لەم پاڵەوانێتییەدا چۆن بوو؟.

– من وەك تاقە كورد و وەک ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی كورد لەم پاڵەوانێتیەی یاریەكانی IBSA ی 2023 لە شاری پێرمینگهام بەشداریم كردووە كە تایبەت بوو بە یاریەكانی نابینایان و كەم بینایان، هاوكات من بەشێك بووم لە ناوبژیوانەکانی یاری گۆڵ بۆڵ و بەشداربووم لە بەڕێوەبردنی چەندین یاریدا، لەوانە لەیاریەكانی پێش كۆتایی كوڕان و یاری كۆتایی كچاندا کە لە نێوان ژاپۆن و چیندا کرا، ئەمەش بۆ من و بۆ كورد دەكرێت بڵێین بۆ یەكەم جارە و روداوێکی كەم وێنە و نایابە.

* میدیای وەرزشیی كوردی تا چەند توانیویەتی لەگەڵ رووداوە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکاندا بڕوات؟.

– خۆزگە میدیای وەرزشی کوردی توانای ئەوەی هەبووایە روماڵی وەرزشی كوردستانی بەباشی بكردایە و هەرگیز هەنگاوی گەورەیان نەهاویشتبایە بۆ جیهانی، چونکە ئەوان کە دێنە سەر وەرزشی جیهانیی، بەداخەوە بەشی زۆریان تا ئەم یانەو ئەو یانە وەستابێت و شەڕە دەنوکی لایەنگیری شرۆڤەكاران هەبێت، نازانن وەرزشی كوردی لە كوێدا پەكی كەتووە، ئەوەتا من وەك ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی کورد مۆندیالی پارائۆڵۆمپیم بەرێوەبردووە،ئەوان نەك نەیانزانیوە بگرە هیچ ئاگاشیان لێی نییە، میدیای وەرزشی كوردی بەداخەوە بێ خاوەنە و بێ بەرنامەیە و ئامانجی نیە!.

* دوا پەیڤت؟.
-من ئەوە ماوەی 12ساڵە وەك ناوبژیوان و ڕاهێنەر و چالاكوانی ئازاد و خۆبەخش كار دەكەم لەگەڵ كەم ئەندامان و پارائۆڵۆمپی كوردستان و عێراق، بەشێكی زۆری ژیانی خۆم بەخشیوە بە كەم ئەندامان و هەستێكی زۆر خۆشم بۆ دروست بووە، هەر كارێكیش لە گەڵ ئەم توێژە دەكەم پێی ئاسودە دەبم، بۆ هەمیشەش بەردەوام دەبم، ئەوەی جێگای داخە كار كردن لە كوردستان و عێراق ئاسان نییە بەهۆی نەبوونی پلانی تۆكمە بۆ كەم ئەندامان، بەرپرسانی حیزبی و حكومی کەمتەرخەمن بەرامبەریان، ئەوەش بە هۆی دابین نەكردنی مافەكانیان، هەر بەو هۆیەشەوە لەسەر یارمەتیدانی كەم ئەندامێك تووشی كێشە بووم لەگەڵ بەرپرسێك لەكوردستان، ئێستاش لە بەریتانیا وەك پەنابەر درێژە بە كاری ناوبژیوانی پارائۆڵۆمپی دەدەم و بەردەوامیشم.

سپۆرت میدیا

سپۆرت میدیا پرۆژه‌یەكی وەرزشییە بۆ وەشاندنی هەواڵی وەرزشی و میدیایی کارگێری وەرزشی، سپۆرت میدیا له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ژانرێكی وه‌رزشی و زانستی و مرۆیی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، بەشێوەیەكی گشتی هەوڵدەدات كار بۆ جێبەجێكردنی ئەرک و ئامانجەکانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button