لە کاتی وەرزش ماسک (دەمامک) ببەستم یاخوود بە بێ ماسک وەرزش بکەم؟

د.حمە رەسوڵ حمە یٔاغا
هەر وەک لە بابەتەکانی پێشوو باسمانکردوە و ڕەنگە زۆربەتان سوود و گرنگی وەرزشتان بیستبێت لە سەردەمی کۆرۆنادا، بەڵام پرسیارێکی زۆر گرنگ هەیە کە ناروونیەکی زۆری درووست کردوە لای ئەو کەسانەی کە وەرزش دەکەن، ئایا پێویستە ماسک ببەستم؟
بە هۆی ئەوەی پەتای کۆڤید-١٩ نوێیە لێکۆڵینەوەی نوێ و ورد تایبەت بەو بابەتە بەردەست نین، ناروونی هەیە لە ڕێنماییە جیهانیەکان سەبارەت بە بەستنی دەمامک لە کاتی وەرزش کردندا
هەوڵ دەدەین لەم بابەتە لێکدانەوەیەکی زانستی بکەین بۆ بەستنی دەمامک لە کاتی ئێستادا
سەرەتا با بزانین سوود و زیانی دەمامک چین لە کاتی وەرزشکردن
🔴زیانەکانی بەستنی دەمامک لە کاتی وەرزش:
١. برێکی کەمتر لە هەوا دەگات بە سیەکان
٢. وادەکات کە زووترهەست بە ماندووبوون بکەین
٣. رەنگە ببێتە هۆی تەنگەنەفەسی و سەرسووران و سربوونی پەنجەکان
٤. ماسک رەنگە خۆی ببێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە ئەگەر بەشێوەیەکی تەندرووست بە کار نەهێنرێت
🔵سوودەکانی بەستنی دەمامک لە کاتی وەرزش:
١. وەک پێشتر باسمانکردووە مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کاتی وەرزشکردن زیاد دەکات بۆیە دەمامک دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسانی تر
٢. ماسک دەبێتە هۆی پاراستنی خۆت بە شێوەیەکی کەمتر بەتایبەت لە کاتی وەرزش لە شوێنە داخراوەکان
٣. بە بەستنی ماسک رەنگە ترس و قەلەقی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە کەم ببێتەوە، کە وادەکات زیاتر سوود لە وەرزشەکەت بکەیت.
٤. وەرزش کردن بە بری ئۆکسجینی کەمتر سوودی هەیە بە تایبەتی بۆ وەرزشوانە پیشەگەرەکان کە دوای ماوەیەک بە وەرزشکردن بە دەمامکەوە جەستەیان رادێت لەوەی برێکی کەمتر لە ئۆکسجین بەکار بهێنێت لە کاتی وەرزش و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستیان لەکاتی راهێنان.
🔴دەمامک مەبەستە بۆ وەرزشکردن ئەگەر
١. نەخۆشی درێژخایەنی سیەکانت هەیە
٢. نەخۆشی درێژخایەنی دڵت هەیە
٣. ئەگەر پێشتر هیچ وەزشێکت نەکردوە یان تەمەنت لە ٦٥ ساڵ زیاترە
٤. ئەگەر وەرزش دەکەی لە دەرەرە لە کاتێکدا کە هیچ کەسێک لە دەرەوە نیە (بەیانییان زوو بۆ نموونە)
تێبینی: ئەو کەسانەی لە ٣ خاڵی یەکەم باس کران واباشترە لە مالەوە وەرزش بکەن و نەچنە دەرەوە بۆ وەرزشکردن
🔵دەمامک ببەستە لە کاتی وەرزشکردن ئەگەر
١. هیچ نەخۆشیەکی درێژخایەنت نیە
٢. لە شوێنە گشتیەکان (وەک پارک) وەرزش دەکەی
٣. لە شوێنی داخراو (بۆ نموونە هۆڵە وەرزشیەکان) وەرزش دەکەی
٤. یاریزانی پیشەگەری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستت لە کاتی ڕاهێنان
لە بابەتی داهاتوو وەڵامی چەند پرسیارێکی تر دەدەینەوە لەوانە جۆرەکانی ماسک و باشترینیان بۆ کاتی وەرزش، چۆن و کام وەرزش بکەین بە دەمامکەوە ، کەی پێویستە بوەستین
هەر ساغ و تەندرووست بن
د.حمە رەسوڵ حمە ئاغا
پزیشکی پسپۆری وەرزشی