بەیاننامەیەك لە یانەی سلێمانیەوە

(لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا تیپی كچانی بالەی یانەی سلێمانی بە مەبەستی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی یانە نایابەكانی عێراق گەشتی شاری هەولێری كرد، لە سێ یاریی سەرەتای پاڵەوانێتییەكە یانەی سلێمانی دوو شكست و بردنەوەیەكی تۆمار كرد، یاریی چوارەم بەرامبەر یانەی خالس بوو، بەهۆی بردنەوەكانی یانەی سیروانی شارەزوور و بردنەوەی سلێمانی لە ئەمانەی بەغداد، یانەی سلێمانی و خالس هیچ هیوایەكیان نەبوو بۆ سەركەوتن.
بۆیە یانەی سلێمانی لەڕێگەی دكتۆر ئالان سەڵاحی ڕاهێنەرەوە پەیوەندی بە یەكێتیی بالەی عێراقەوە كرد و داوایكرد ئەگەر هیچ كێشەیەك دروست نابێت شاندەكە دەگەڕێنینەوە بۆ شاری سلێمانی چونكە ئەنجامی یارییەكەمان هیچ كاریگەری نابێت، یەكێتیی بالەی عێراقیش ڕەزامەندی دەربڕی و ڕایگەیاند كە هیچ كێشەتان نایەتە ڕێ و تەنها یاریی چوارەم بە دۆڕاو هەژمار دەكرێت، دوای وەرگرتنی ئەو ڕەزامەندیە یانەی سلێمانی گەڕایەوە.
بەڵام لەگەڵ گەیشتنەوەی یانەی بە شاری سلێمانی ، یەكێتیی بالەی عێراق بڕیاریدا سەرجەم ئەنجامەكانی یانەكە بسڕێتەوە، ئەوەش پێچەوانەی قسەكانی پێشوویان بوو، چونكە یانەی سلێمانی هیچ نیەتێكی نەبوە بۆ كشانەوە ونەشكشاوەتەوە، لە بنەڕەتیشدا یانەی سلێمانی خۆشحاڵبوە كە شكستی دوچاری ئەمانەی بەغداد كردوە بۆ ئەوەی سیروانی شارەزوور بچێتە قۆناغی پێش كۆتایی و ژمارەی یانە كوردییەكان زیاتر بێت.
بۆیە دووپاتی دەكەینەوە یانەی سلێمانی لە خولی بالەی كچانی عێراق نەكشاوەتەوە و هیچ نیەتێكیشی نەبوە بۆ كشانەوە)
یانەی وەرزشی سلێمانی
٢٤/١١/٢٠٢٠