باهیر شێخ تاهیر
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یانە وەرزشییەکانی کوردستان(جگە لە چەند یانەیەکی کەمیان نەبێت), پاش چوارساڵ تێپەڕ بوون بەسەر کاری ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرییەکانیاندا، بە سەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی نوێ بۆدەستەی کارگێڕییەکانیان کرا.
بەرای من هەڵبژاردنەکان روکەش بوون و هیچی نوێمان تیایاندا نەبینی، لەو هەڵبژاردنانەدا کەمترین گۆڕانکاریمان بینی، گۆڕانکارییەکانیش ڕووکەش و بێ سوود بوون، ئەو گۆڕانکارییە کەمانەش کە رویاندا هیچ کاریگەرییەکیان نییەو نابێت و هیچ گۆڕانکارییەکیش درووست ناکەن.
من زیاتر مەبەستم یانەکانی ناو شاری سلێمانییە، هەندێک دەموچاو لاچوون و هەندێکی تر هاتنە ناو کایەکەوە، دەموو چاوە نوێیەکانیش لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، ئەمە لەلایەک لە لایەکی تریشەوە هەر لەم هەڵبژاردنانەدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە هەندێک یانە تەنها لەم کاتی هەڵبژاردنانەدا دەردەکەون و دبینرێن و ناویان دێت، ئیتر نایان بینینەوە تا هەڵبژاردنێکی تر، چونکە زۆربەیان هیچیان نییەو خاوەنی یاریگا و بینای خۆشیان نین .
هەر لەم هەڵبژاردنانەدا بەداخەوە هیچ پڕەنسیپ و پێوەرێک ڕەچاو نەکرا، بۆ نمونە پرەنسیپ و پێوەری دڵسۆزی ئەو ئەندامانەی کە هەمیشە وەک سەربازێکی ون لە کاردا بوون بۆ خزمەتکردنی یانەکانیان، هەر ئەمەش وایکرد بە ئاشکراو بەبەرچاوی هەموانەوە فێڵ لە چەند کەسێکی دڵسۆز بکرێت و پاشقولیان لێگیرا و هاوڕێکانیان پشتیان دان لە زەوی و ئاوت کران و کەسانێکی بێ ناوەڕۆک جێگەکانیان گرتنەوە کە دەیان ساڵە لەسەر حسابی یانەکان دەژین و بوونەتە خاوەنی هەموو شتێک.
هەموان خوازیاری ئەوە بوین ئەم هەڵبژاردنانە هۆکارێک بن بۆ گیان کردنەوە بە بەری ئەو یانانەدا کە لە سەرە مەرگی خۆیاندا کاتەکانیان بەسەر دەبەن تا کەمێک بەرەوپێشچوونی وەرزشی بە خۆیانەوە ببینن و هێندێک گیان بکەنەوە بە بەری وەرزشی داڕماوی کوردستاندا و گۆڕانکاری لە پەیکەری داڕماوی یانەکاندا بکەن، بەڵام بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆری سەرۆک و دەستەی بەڕێوەبەرییەکان و دەست و پێوەندەکانیان بۆ چوارساڵی تر لەجێ ی خۆیان مانەوە.
بەڕای من ئەم هەڵبژاردنانە کاریگەریشیان لەسەر گیانی هەڤاڵانەی نێوان وەرزشکارانیشدا درووست کرد و دڵ ڕەنجان و پشت لە یەکتر کردنی زۆریشی لەنێوانیاندا درووست کردووە و تا ماوەیەکی زۆریش ئەم دڵڕەنجان و تۆرانەی نێوانیان ئاسەوارەکانی دەمێنێتەوە.