پاڵەوانێتی دەستشكانەوە رێكدەخرێت
دەبێتە یەكەم پاڵەوانێتی لەو جۆرە كە لەهەموو عیراقدا ئەنجام درابێت
بەمەبەستی برەودان بەو یارییە و هاوكاریكردنی كە بۆ یەكەمجارە لەعیراقو هەرێمی كوردستاندا ئەنجامدەدرێت، ئەمرۆ دانەر جەلال قادر راهێنەرو یاریزانی یاری دەستشكانەوە (Arm Wrestling) سەردانی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی سلێمانی كرد.
لەكۆبونەوەیەكدا بەڕێوەبەری وەرزشی سلێمانی پشتگیری خۆی بۆ هاوكاری كردنو برەودان بەو جۆرە وەرزشە لەهەرێمی كوردستان بەتایبەت سلێمانی راگەیاند كە لەئایندەدا بەهەماهەنگی کەرتی تایبەت پاڵەوانێتییەكی تایبەتی بۆ ئەنجام بدرێت كە دەبێتە یەكەم پاڵەوانێتی لەو جۆرە كە لەهەموو عیراقدا ئەنجام درابێت.
دانەر جەلال راهێنەرو یاریزانی یاری دەستشكانەوەیە و لە ساڵی (2016)ەوە سەرقاڵی ئەم یارییەیەو بڕوانامەی نێودەوڵەتی لەم یارییەدا لەلایەن راهێنەرێكی ئێرانییەوە پێدراوەو ساڵی 2020 بەشداری پاڵەوانێتی ئەسینای كردووەو توانیوییەتی بە دەستی چەپ و ڕاست پلەی دووەمی ئەو پاڵەوانێتییە بەدەست بهێنێت و لەئێستادا سەرقاڵی مەشق و راهێنانە بەژمارەیەك گەنج كە خولیای ئەو یارییەیان هەیە.