وتار

له‌پایته‌ختی ئازادی میسی سزادرا

یاری كۆتایی مۆندیالی 2022 زۆرشتی شاراوه‌ی ئاشكراكرد،ئه‌رژه‌نتین یان فه‌ڕه‌نسا كێ بردیه‌وه

 

زاگرۆس نانه‌كه‌لی

سه‌رده‌می هه‌رزه‌كاری ده‌یانگوت: به‌هه‌شتی خه‌ونه‌كان و لوتكه‌ی ئازادی وسه‌ربه‌خۆی پاریسه‌،ئیتر ئه‌و قسه‌ بووه‌ قه‌وان هه‌موو تاكێكی كورد له‌ رۆشنبیر و فه‌قیر به‌بێ موناسه‌به‌ ئه‌و قسه‌یان باس ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن زۆر موسه‌قه‌فه‌ وشت ده‌زانێ.

یاری كۆتایی مۆندیالی 2022 زۆرشتی شاراوه‌ی ئاشكراكرد،ئه‌رژه‌نتین یان فه‌ڕه‌نسا كێ بردیه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌سڵه‌ن كێشه‌ نیه‌،به‌ڵام ده‌ڵێن گیانی وه‌رزشی و دروشمی یه‌كسانی وخۆشه‌ویستی و تاد،ئه‌وانه‌ی هه‌مووی تا رۆژی خۆی وه‌ك مانگی چوارده‌ شه‌وق و ره‌ونه‌قی دایه‌وه‌،راهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسی له‌كاتی لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ باسیان كرد به‌ یاریزانه‌كانی خۆی گوتبوو (مه‌یمون!!)،باشه‌ئه‌ی خه‌ڵك وهانده‌رانی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا چی به‌و یاریزانانه‌ ده‌ڵێن؟،زۆر شتی تر هه‌یه‌،به‌ڵام مۆندیال كۆتایی هات و ئه‌م دۆسیه‌ چووه‌ مێژوو.

میسی گه‌ڕایه‌وه‌ فه‌ڕه‌نسا،فه‌ڕه‌نسییه‌كان قبوڵیان نه‌كرد ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن ورێزلێنان بۆ میسی بكرێت،كه‌چی ئه‌و یاریزانه‌ی ئه‌رژه‌نتین كه‌ پیشه‌گه‌ر بوون،شایسته‌ترین رێزلێنان وئاهه‌نگیان بۆ سازكرا له‌لایه‌ن یانه‌كان وهانده‌رانیان،میسی ته‌نها له‌ یه‌كه‌ی مه‌شق وراهێنانی یانه‌كه‌ی رێزلێنانی بۆ كرا،به‌ڵام به‌بێ (مباپی و حه‌كیمی) به‌یانوی چوونه‌ ئه‌مرێكا بۆ یاری باسكه‌!،ئه‌وه‌ش كێشه‌ نیه‌!.

رقی شكستی فه‌ڕه‌نسییه‌كان به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا،باشترین یاریزانی مۆندیال به‌بێ هۆكار (فیكه‌ و هۆیهای) لێكرا،هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان،چه‌ند یارییه‌ك ئه‌مه‌ ره‌فتاره‌ نا وه‌رزشییه‌ دووباره‌ وسێ باره‌ كرایه‌وه‌،له‌به‌رانبه‌ردا ئه‌م وه‌رزه‌ میسی چی بۆ یانه‌ی پاریس سان جێرمان كرد؟ تاقه‌تی گۆڵ ژماردن وئه‌سێست و شتی ترمان نیه‌،به‌ڵام میسی نه‌ په‌رچه‌كردار و نه‌ وڵامدانه‌وه‌ی هه‌بوو وته‌نانه‌ت به‌ یه‌ك ووشه‌ و یه‌ك ره‌فتاریش!.

پاریس به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا،نه‌ك میسی ویانه‌ی پاریس سان جێرمان،هه‌موو یاریزانێك و یانه‌یه‌ك،دوای یاریكردن و رۆژی دوای راسته‌وخۆ ده‌بێته‌ پشوو،میسییش ئه‌م رۆژه‌ی پشووی قۆسته‌وه‌ چووه‌ سعودیه‌،میسییان سزادا به‌بیانوی ئه‌وه‌ی به‌بێ مۆڵه‌تی یانه‌كه‌ رۆیشتووه‌،دوویاری سزایاندا،به‌س رقه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ بوو بڵێن ئێمه‌ باشترین یاریزانمان سزادا،میسیش به‌فه‌رمی داوای لێ بردنی له‌یانه‌كه‌ی كرد،به‌ڵام زۆر به‌ناوه‌رزشی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كرد،ئه‌مه‌ش كێشه‌ نیه‌.

تای دۆڕاندنی فه‌ڕه‌نسییه‌كان له‌مۆندیال هێشتا به‌ری نه‌داون،میسیش بووه‌ نیشانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رقی خۆیانی پێده‌ربكه‌ن،چونكه‌ میسی له‌گه‌ڵ مباپی باشترین یارییان له‌ مۆندیال كرد،به‌ڵام میسی به‌ ته‌مه‌نی(35) ساڵی بووه‌ باشترین یاریزانی یاری كۆتایی وباشترین یاریزانی مۆندیال و مۆندیاله‌كه‌شی برده‌وه‌،رقه‌كه‌ به‌رانبه‌ر میسی توند وقورس و ئاڵۆزتربوو،له‌به‌رانبه‌ردا چوار مۆندیالی پێشوو، میسی تووشی شكست بوو ونه‌یتوانی مۆندیال به‌ده‌ست بێنێ،به‌تایبه‌تی مۆندیالی 2014 به‌تاكه‌ گۆڵی (ماریۆ گۆتسه‌) ئه‌ڵمانی،شكستی به‌ میسی وئه‌رژه‌نتین هێنا، دونیاش وێران نه‌بوو،ئینجا (ماریۆ گۆتسه‌) چووه‌ لای میسی دڵی داوه‌ وێنه‌یه‌كی یادگاری له‌گه‌ڵ چركاند،ئه‌ی ئه‌مه‌ گیانی وه‌رزشی راسته‌قینه‌ نیه‌؟!.

رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی 2-6-2023 گالییه‌ راهێنه‌ری پاریس له‌ كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌وانی گوتی: بۆمن شه‌رفمه‌ندی وخۆشحاڵیه‌ راهێنه‌ری باشترین یاریزانی تۆپی پێ مێژوو بووم،دواتر گوتی : پێموایه‌ ره‌خنه‌ و لێدوان له‌ دژی میسی ڕه‌وا نابێت وهیوادارم باشترین پێشوازی لێبكه‌ن له‌ دوا یاری كۆتایی خولی فه‌ڕه‌نسی.

كۆتایی

ئه‌م لێدوانه‌ی راهێنه‌ر چه‌ند لێدانێكی قێزه‌وه‌ن و رقاوی و توندی لێدروست بوو،یه‌كه‌م،رۆژنامه‌كانی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕووی راهێنه‌ر ته‌قینه‌وه‌،دووه‌م هانده‌ران دیسان فیكه‌ وهۆیهایان له‌ میسی كرد،سێیه‌م راهێنه‌ری پاریس ئاوت،میسی و نیماریش به‌شداری ئاهه‌نگی بوون به‌ پاڵه‌وانی فه‌ڕه‌نسایان نه‌كرد له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌یان!.

میسی به‌و فیكه‌ و هۆیهایانه‌ی پایته‌ختی ئازادی و رۆشنبیری لای هه‌وادارانی تۆپی پێ به‌نرختربوو،به‌ڵام دوای سه‌ده‌یه‌ك تێده‌گه‌ن چۆن تاوه‌ری ئیڤڵ بووه‌ ره‌مز و ناساندنی فه‌ڕه‌نسا،ئاواش تێده‌گه‌ن كه‌ده‌بێت په‌نجه‌ی په‌شیمانی بگه‌زن بۆ فیكه‌ و هۆیهایه‌كه‌یان،چونكه‌ میسی ته‌واو كه‌ری ئیڤڵ بوو بۆ فه‌ڕه‌نسییه‌كان، چونكه‌ ئه‌و خوله‌ به‌هێزه‌یان نه‌بوو،گه‌ر سه‌رۆكی یانه‌ پاریسیه‌كه‌نه‌بوایه‌،میسی ته‌نها بۆ وێنه‌گرتن له‌گه‌ڵ تاوه‌ری ئیڤڵ ده‌چووه‌ فه‌ڕه‌نسا نه‌ك بچێت یاری بۆ ئه‌م یانه‌یه‌ بكات!.

 

 

سپۆرت میدیا

سپۆرت میدیا پرۆژه‌یەكی وەرزشییە بۆ وەشاندنی هەواڵی وەرزشی و میدیایی کارگێری وەرزشی، سپۆرت میدیا له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ژانرێكی وه‌رزشی و زانستی و مرۆیی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، بەشێوەیەكی گشتی هەوڵدەدات كار بۆ جێبەجێكردنی ئەرک و ئامانجەکانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button