وتار

وەرزش و کەلتوور

عومەر عەلی

بەو کەمە زانیارییەمەوە لەسەر وەرزش و کلتووری کوردیی، گەیشتوومەتە ئەوەى کە کورد خاوەنى کلتوورێکى وەرزشیی نییە، بۆیە حاڵی وەرزش و بەشە وەرزشییەکانیشی بەمشێوەیەیە!

کەلتووری کوردیی ئەگەر بەتەواویی داخراویش نەبێت، ئەوە بە فلتەرە کۆنەکانیدا شتە تازەکان تێدەپەڕێنێت و هەتا مۆری عەشیرەت یان شێخێک بە زەرفی داواکارییەکانەوە نەبێت، ڕەفزی دەکاتەوە ئەگەر ڕواڵەتگەرایانەش وەری بگرێت، سیماى بەجۆرێک تێکدەدا کە وەک ئەوە نەبێت کە دەبێ هەبێ، لەکۆتاییشدا وەک خۆسەلماندنێکى ترسنۆکانە دەڵێ: ئەهـ! پێم نەوتن ئەم شتە لەگەڵ کەلتووری ئێمە ناگونجێ!

وەرزش ئەگەرچی ئێستا شارستانییانە چاوی لێ دەکرێ و زۆرجار گیانى هاوکاریی، برایەتی، خۆشەویستی، ئازادی و …هتد دەکرێـتە دروشمى پاڵەوانێتییەکانی و بەگوێی خەڵکیدا دەدرێتەوە. (بۆنموونە ماراسۆنى نێودەوڵەتیی هەولێر، کە ساڵانە ئەنجام دەرێ دروشمەکەى ڕاکردنە لەپێناو ئاشتیی)، بەڵام بیرمان نەچێت کە وەرزش لەمێژووە خاوەنى چەندین ڕەگی ترە، وەک: شەڕ، هێز، توندووتیژی، پیاوسالاریی و ..هتد. ئەگەر سەیری کۆمارەکەى ئەفلاتوونیش بکەین، دەبینین وەرزش زیاتر خزمەتى شەڕ دەکات نەک ئاشتیی. خۆ ئەگەر لە کتێبانیش بێینە دەرەوە و چاوێک بەمێژووى درووستبوونی چالاکییەکان بخشێنینەوە، دەبینین زۆربەیان ڕەگێکیان لە خوێنە و یەکێکی تریان لەناو جەنگدایە، هەتا ناوەڕاستى سەدەى بیستەمیش ئەم قسەیە جێی دەبێتەوە و مایەى لێتوێژینەوەیە. (فڕێدانى ڕم لە گۆڕەپان و مەیدان، پێویست بە ڕوونکردنەوە یان سەلماندن ناکات، کە بۆ چ مەبەستێک بەکارهاتووە!)، (یارییە کۆمەڵییەکانیش زۆربەیان بۆ پاراستى توانای جەستەیی سەربازە ئەمەریکیی و ئەوروپییەکان و لەناو خێوەتگە سەربازییەکانەوە پەیدابوون).

بەهەمەحاڵ، حاڵی وەرزش بەمشێوەیە نەما و پاساوی بۆ مێژووى خۆی هێنایەوە، بەرگێکی شارستانییەى لەبەرکردن و ئێستا دەستەواژەى –گیانى وەرزشیی- ئیتر ئەوپەڕی سەلامەتیی ئەو مرۆڤە دەردەخات. وەرزش تێکەڵی پزیشکیی بوو و سوودەکانى خۆیان گۆڕییەوە. خزمەتى ژیانى مرۆڤ دەکات و لە زۆر کێشەى جەستەیی، دەروونیی و عەقڵیی دەیپارێزێ.
ئەوەى هەر وەک خۆی مایەوە وەرزشە لە کەلتووری ئەم ناوچەیە و کوردستان، چونکە کەلتووری کوردیی بۆ هێشتنەوەی خۆی، بەرانبەر ڕەفز دەکاتەوە و بە بێسوود لە قەڵەمی دەدا، کەواتا وەرزشی شارستانیی زادەى ئەم کەلتوورە نییە و لەم باوکە نییە، بۆیە پێویستە حوکم بدرێت. لەلایەکی ترەوە مێژووى پڕ لە نەنگیی وەرزشیش هاوکاری ئەم کەلتوورە دەکات، چی لەوە باشترە (سەرقاپ، مەنجەڵی خۆی دۆزییەوە)، کەواتە وەرزشی کوردیی وەرزشێکى شارستانییانە نییە، نیاندرتاڵانەیە.

هەر لە یەکەم هەنگاوی دواى قبووڵکردنى وەرزشە ناشارستانییەکە، پیاوانى کەلتوور لە فەرمایشتێکدا، بڵاویان کردەوە: وەرزش پەیوەندی بە هێزی جەستەوە هەیە و کچان زەعیفەن و نابێ نزیکى بکەونەوە، خۆ ئەگەر کچێک ئەو جەسارەتە بکات، ئەوە دەخرێتە بە توانجی کۆمەڵگا و لەوانەیە کار بگاتە ئەوەى، هەتا ماوە کوڕێک نەیەتە خوازبێنى! بێگومان کچان یان کوڕان بەلایانەوە هاوسەرگیریی لە چارەنووسی وەرزش گرنگترە (حەقی خۆشیانە)، هیچ پێویست ناکات لەسەر وەرزش خۆیان بخەنە بەر ڕەخنەى کۆمەڵگا! بەڵام ڕێک پێچەوانەکەى دروستە، هیچ پێویست ناکات لەبەر وەرزش، کۆمەڵگا تاکەکانى خۆی بداتە بەر ڕەخنەى چۆکشکێن و سزایان بدات.

یاری تۆپی پێ وەک یاری دڵخواز لە کەلتووری ئێمەدا ماوەتەوە، چونکە زیاتر بواری شەڕ و فەرتەنە و نایاسایی و جوێندانی تێدا دەبێـتەوە (بارودۆخی خوولەکانمان و بینەرە وەرزشییەکانمان شایەتیم بۆ دەدەن).
لەدواى کردنەوەى بەشە وەرزشییە ئەکادیمییەکان، هەمان بیرۆکە گواسترایەوە بۆ ئەم بەشانەش، بگرە خراپتریش، چونکە لە کەلتووری ئێمەدا، ئەکادیمییەت پێگە و ناوێکى باشی نەبووە، کە وەرزشیش هاتە پاڵی، خراپتر! ئەگەرچی سیستەمی ئەم کۆلێژ و پەیمانگانە باش بێت، یاریگا و هەموو پێداویستییەک فەراهەم بێت و کەسانی پسپۆڕ وانەکان بڵێنەوە، بەڵام کەلتوور قسەى زاڵترە و ئەوانەى لەو بەشانە دەخوێنن، وەک بەشەکانى تر سەیرناکرێن و هەمیشە کۆمەڵگا چاودێرییان دەکات. دواتر دەرچووى ئەم بەشانە پێشئەوەى حکومەت دایان نەمەزرێنێت، لەلایەن کۆمەڵگاوە پەراوێز دەخرێن، چونکە ئەگەر کۆمەڵـ-ـگایەک بە فێرخوازە کچەکانى خۆی بڵێت: (ئەو کچەى بچێتە زانکۆ، مەگەر خوا، ئەگەرنا بەسەلامەتیی دەرناچێ)، دەبێ چی بەو کچانە بڵێت کە لە بەشە وەرزشییەکانن. (ئەمەش ئەگەر ویستتان، نموونەى 2019تان پێ دەڵێم، لەسەر وەزعی ئەو کچانەى لە بەشە وەرزشییەکانن و تێڕوانینى کۆمەڵـ-ـگا لەسەریان).

یەکەم بەرپرسی ئەم کێشانە، بەتایبەتى وەرزش وەک ئایدیاڵێکى خراپ لە هزری تاکەکانى کۆمەڵگادا، ئەکادیمییەکانن، یەکەم کەس -من-، چونکە ئەکادیمییەکان نزیکترین چینى وەرزشیی کوردیین کە لە وەرزشی شارستانییانەوە نزیک بن، بۆیە ئەرکی ئەمانە کە ئەم جۆرە وەرزشە پڕ لە لێبووردەیی و هاوکارییە لەجێگەى ئەو وەرزشە تڕۆهاتە دابنێن، بەجێبەجێکردن لەلایەن خۆیانەوە، دواتر بە گرنگیدانیان بە وانە مەعریفییەکان لەجیاتى وانەى کردەیی و زانستیی وشک، بۆئەوەى فێرخوازی ئەم بەشانە بەرگریی لە خۆیان و بەشەکەیان بکەن، نەک کاتێک کەسێک قسە لەسەر بەشەکەیان دەکات، دەمیان ببێت بە تەڵەى تەقیو و هیچ نەزانن، گرنگیدان بە لایەنى پراکتیکى بەسوودى وەرزشیی کوردیی ناشکێتەوە. هێز هونەری تێدانییە، بەڵام لایەنى تیۆریی جێی خۆنواندن و خۆسەلماندنە.

گۆڵکرد یان نەکردن، لەناو یاریگا سوودی هەیە، نەک بەرامبەر پرسیارێکى فەلسەفیی. ئەنجامی هەموو کارێکی سوودبەخش، پەسەند نییە. (ڕەسڵ، دەربارەى پەروەردە، ل51)
پێویستە ئەکادیمییە وەرزشییەکان، بوونى خۆیان بە وەرزشەوە گرێ بدەن، وەرزشێکى شارستانییانە، وەرزشێکى پڕ لە عەقڵ، کە ئەوندەى ئیشی ئاشتکردنەوە بێت، ئەوەندە نەبێـتە مایەى شەڕ، ئەوەندە سوود بگەیەنێت، ئەوەندە خەڵکی بێزار نەکات.
کۆجیتۆی دیکارتى وەرزشوان: (من وەرزش دەکەم، کەواتا من هەم.)

سپۆرت میدیا

سپۆرت میدیا پرۆژه‌یەكی وەرزشییە بۆ وەشاندنی هەواڵی وەرزشی و میدیایی کارگێری وەرزشی، سپۆرت میدیا له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ژانرێكی وه‌رزشی و زانستی و مرۆیی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، بەشێوەیەكی گشتی هەوڵدەدات كار بۆ جێبەجێكردنی ئەرک و ئامانجەکانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Check Also
Close
Back to top button