وتار

شارێکی بێ بەرپرس

لە هەموو دونیادا وا باوە کاتێک تیپێک هەڵبژاردەیەک یاریزانێک ئەکتەرێک بیرمەند و نووسەر و هۆنەرێک یان بەهرەمەندێک خزمەتێک بە شارەکەیان دەکەن و ناوی بەرز دەکەنەوە لە ڕووداوەکانی تایبەت بە بوارەکەی خۆیان ئیدی هەموان بە شانازییەوە باسیان دەکەن و ڕێزیان لێ دەنێن وەک ئەوەی ئێستا دەبینین کە وەفدی وڵاتان لە جاپۆنەوە دەگەڕێنەوە بە میدالیاکانی ئۆڵۆمپیادەوە چۆن پێشوازییان لێ دەکرێت تەنها و تەنها لە شارەکەی من ئەو شتە بوونی نییە.

لە ماوەی ڕابردوودا نووسینگەی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بەڕێز لاهوری شێخ جەنگی بە سەرۆکایەتی برامان کاک هێرش هەورامی چەندان و چەندان جار خزمەتیان بە پاڵەوانانی ئەم دەڤەرە کرد دواتریش لە ڕێی بۆردی وەرزشی و بەڕێز ئارامی قادر خەباتەوە هەمان شت کرایەوە ئەمەش جێگەی دڵخۆشی هەموان و دەستخۆشی هەموان بوو.

لە ئێستادا جارێکی تر وەرزشی ئەم شارە هەتیو کەوتۆتەوە وەک سەردەمی پێش بوونی نووسینگەی هاوسەرۆک و بۆردی وەرزشی.

ماوەی مانگێک زیاترە خانمانی بالەی یانەی ئافرۆدەیت نازناوی پاڵەوانی عێراقیان بە دەستهێناوە سەیر و سەمەرەکە لەوەدایە هەر یەک دوو ڕۆژ پاش تەواو بوونی پاڵەوانێتییەکە پارێزگاری هەولێر ڕێزلێنانێکی گەورەی بۆ یانەی خانمانی ئەکاد عەینکاوە کرد کە شیاو بە ناوی شاری هەولێر و پاڵەوانەکەی بوو کە پلەی دووەمی بە دەستهێنا.
چەند ڕۆژێک دواتر پارێزگاری شاری موسڵی کاول بوو هەستا بە ڕێزلێنان لە خانمانی قەرەقوش کە پلەی سێیەمیان دەستەبەر کرد.

کەچی تا دوێنێ لە شاری سلێمانی تەنها و تەنها بەڕێز حسێن کۆیی دووجار ڕێزلێنانی بۆ کچە پاڵەوانەکانی ئافرۆدەیت کرد و پارێزگاری شاریش دەڵێی لە خەڵوەت دایە هەر مێش میوانی نییە هەر بۆیە دوێنێ لە بەڕێوبەرایەتی وەرزشی سلێمانی جێگرەکەی کە خانم لەیلا عومەرە هەستا بە ڕێزلێنانی کچانی پاڵەوانانی عێراق و پارێزگاریش هێشتا دەوترێت لەگەڵ ئەسحاب کەهف خەوتووە.

بۆیە لێرەوە من داوا لە نووسینگەکەی شێخ لاهور دەکەم بگەڕێنەوە ئەو کارەش بکەن و ڕێزلێنانێک بۆ ئەو کچانە ساز بکەن ئەگەر ئەوانیش نەبو بۆردی وەرزشی یەکێتی و شێخ ئاڤێستا ئەو کارە بکەن خۆ لێرە حیزب هەیە حکومەت نییە ئەگەر ئەوانیش نەیان کرد داوا لە بەشی وەرزشی سەرکردایەتی پارتی دەکەم لە سلێمانی بەو کارە هەڵبستن هەر ئەوانیش نەیان کرد داواکەم ئاراستەی پارێزگارانی هەولێر و موسڵ دەکەم بەو کارە هەڵبستن وەک بەزەییەک بە شاری سلێمانی دا ئەوان ڕێزلێنان بۆ تیپی بالەی خانمانی ئافرۆدەیت پاڵەوانانی عێراق بۆ وەرزی 2021 بکەن.

له‌ ئه‌كاونتى رۆژنامه‌نووس دانه‌ر ئه‌سڵانه‌وه‌

سپۆرت میدیا

سپۆرت میدیا پرۆژه‌یەكی وەرزشییە بۆ وەشاندنی هەواڵی وەرزشی و میدیایی کارگێری وەرزشی، سپۆرت میدیا له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ژانرێكی وه‌رزشی و زانستی و مرۆیی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، بەشێوەیەكی گشتی هەوڵدەدات كار بۆ جێبەجێكردنی ئەرک و ئامانجەکانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button