هاوپۆلنه‌كراو

پەیامەکەی جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز یەکێتی تۆپی پێی لە خەوێکی قوڵ ڕاچڵەکاند

هه‌ردى حه‌سه‌ن

چەند ڕۆژی ڕابردوو هێرش هەورامی جێگرى یانه‌ى وه‌رزشى نه‌ورۆز هەم هەمیش باڵادەستی وەرزشی ناو یەکێتی نیشتمانییە ، بەبێ دەنگ و له ئەکاونتەکەی خۆیەوە پەیامێکی چەن دێڕی ئاراستەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کرد بۆ یەکلای کردنەوەی چارەنوسی ئەم وەرزەی خولی نایاب.

ناوبراو تا ڕێکەوتی ٢٠/ ٧ دیاریکردووە کە چارەنوسی خولەکە دیاری بکەن، هەم ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە ڕێگەی بۆردی وەرزشی یەکێتیەوە گۆڕانکاری لە نوێنەرەکانی یەکێتی دەکەن. هەر دوێنێش کۆبونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەرەکانی زۆنی ئەملا لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەنجامداوە، دووبارە تەئکیدی له گۆڕینیان کردوەتەوە لەبەر بێ هەڵوێستی و بێ دەسەڵاتیان.

بە کورتیەکەی پەیامەکەی ناوبراو ئەمڕۆ لە دوای پێنج مانگ لە ڕاوەستانی خولی نایاب و بەنج بوونی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەو یەکێتیەی لەخەوێکی قوڵ ڕاچەڵەکاند و نەیهێشت بگاتە ئەو بەروارەی کە دیاریکردبوو بۆیان، هەر ئەمڕۆ بێ هیچ کۆبونەوەیەک یەکێتی تۆپی پێ داوا لە حکومەت دەکات ڕێگەیان پێ بدەن بۆ دووبارە دەست پێکردنەوەی خولەکە.

تا ئێرەو بەس، بەڵام تۆ تەماشای ئەم یەکێتی تۆپی پێیە بکە، پێنج مانگە دار و بەردی ئەم وڵاتە هاوار ئەکا چارەنوسی خولەکە بەدیار بخەن، دارو بەرد هاوار ئەکا ناکرێ پێنج مانگە یەکێتی تۆپی پێ نەتوانێ یەک وشەش لەسەر ئەم خولە بڵێ، دارو بەرد هاوار ئەکا خول نەما لە جیهاندا چارەنوسی دیاری نەکرێ تکایە چارەنوسی خولی نایاب بەدیار بخەن کەچی ئەم یەکێتی تۆپی پێیە مێشێ میوانی نەبوو. پێنج مانگە یاریزانی کورد گیرفانی بەتاڵە بەدەست یانە گیرفان پڕەکانەوە کەچی ئەم یەکێتی تۆپی پێیەی کە هەمیشە واخۆیان دەرئەخەن دڵسۆز و خەمی یاریزانیانە، دار تەقی ئەمان ووشەیان نەوت. پێنج مانگە هەموو بیانویان تەنها ئەوەیە کە هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان قەدەغەیەو ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەوان ناتوانن کۆبونەوەیە بکەن و چارەنوسی خولەکە بەدیار بخەن.
بە ویژدانتان ئەمە بیانووە تو ویژدانتان یەکێتی تۆپی پێ کە خۆیان وا دەرئەخەن ئەگەر ئەوان نەبن تۆپی پێی ئەم وڵاتە وێران دەبێ نەتوانێ له پێنج مانگا بەهۆی نەبونی هاتوچۆوە کۆبونەوەیەک بکات، ئیتر بوونی زیادە نییە. تو ویژدانتان یەکێتی تۆپی پێیەک پێنج مانگە نەتوانێ ڕێگە پێدانێ لەم پارێزگا بۆ ئەو پارێزگا بۆ ئەندامەکانی بکات، ئیتر بوونی چی گرنگییەکی هەیە؟

تۆ تەماشا بکە پێنج مانگە زۆر وتراو زۆر نووسرا لەسەر یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ ئەوەی چارەنوسی خولی نایاب بەدیار بخەن هەر گیز مێشێ میوانیان نەبوو! هیچ شتێ ئەم یەکێتیەی نەجولان، تەنها بە دەستبردن بۆ کورسیەکانیان کە پێیان ڕاگەیەنرا لە بەر بێ هەڵوێستی و بێ دەسەڵاتیتان دور ئەخرێنەوە له پۆستەکانتان یەکسەر کەوتنە پەلە قاژەو داواکاری دەست پێکردنی خولەکە له کاتێکدا سەرۆکی ئەم یەکێتییە لە کوردستاندا نییە، لە کاتێکدا هیچ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام نەداوە بەهۆی ئەو بیانوەی کە چەن مانگە وەرزشکاری ئەم وڵاتەی پێ ئەخەڵەتێنن کە قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانە. بۆیە هەمیشە بەرپرسی کورد هیچ شتێ ڕای ناچەڵەکێنێ وڵات کاول بێ خۆی تێک نادا، بەڵام کە دەستبرا بۆ کورسیەکەی ئامادەیە هەموو شتێ بکات تەنها له پێناو مانەوەی خۆی بەڵام تازە کار لە کار ترازا و خولی نایاب و یاریزانی ئەم هەرێمەتان داغانکرد کەچی ئێوە له دوای پێنج مانگ لەو خەوە قوڵە ڕاچەڵەکان!

سپۆرت میدیا

سپۆرت میدیا پرۆژه‌یەكی وەرزشییە بۆ وەشاندنی هەواڵی وەرزشی و میدیایی کارگێری وەرزشی، سپۆرت میدیا له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ژانرێكی وه‌رزشی و زانستی و مرۆیی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، بەشێوەیەكی گشتی هەوڵدەدات كار بۆ جێبەجێكردنی ئەرک و ئامانجەکانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button