(یانەکانی کوردستان له نێوان کارگێڕی نەزان و ڕاهێنەری لاوازدا )

نووسهرێك
خولی کوردستان، خولێکی هەژارە لە ڕووی تاکتیکی یاریکردن و بەشێک لە ڕاهێنەران باس لە خراپیی کوالێتیی یاریزان دەکەن، بەڵام بە ڕوون و ڕاشکاویی دەتوانین بڵێین: لە کوردستاندا سێ جۆر ڕاهێنەر بوونی نییە. ئەوانیش: (ڕاهێنەری تاکتیکی و ڕاهێنەری داهێنەر و ڕاهێنەرێکمان نییە حەکیمانە مامەڵەبکات، ئەگەر هەبێت ژینگەیەکی ئەوەندە خراپیان ڕەخساندووە ڕێگە نادەن هیچ ڕاهێنەرێک لە هیچ یانەیەک جێگیرببێت).
ئەوەی لە خولی کوردستان دەگوزەرێت دوو جۆری ڕاهێنەر هەیە. ڕاهێنەرێکمان هەیە ئەوەندە تامەزرۆی وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنانی یانەیەکە، ئامادەیە هەموو مەرجێک قبوڵبکات و هەندێک جار دەگاتە ئاستێک یاریزان دەخزێننە ناو پێکهاتەکەی، یان خراپتر بڵێم ڕاهێنەر هەبووە لە پێناو مانەوە و دەرنەکردنی پێکهاتەیان بۆ داناوە و قبوڵیشی کردووە. ڕاهێنەرێک ئەمە حاڵ و وەزعی بێت، بۆ بەردەوامبوونی لە یانەیەک هەموو شتێک قبوڵبکات، نەک ناتوانێت پلانی تاکتیکی دابڕێژێت، بەڵکوو توانای بڕیاردانیشی نییە لەسەر بچووکترین ڕووداوەکانی ناو تیپەکەی. بە ئەو جۆرە یانەیەک نابینت خاوەنی پلانی درێژخایەن و ستراتیجی ڕوون بێت و ماوە بداتە ڕاهێنەرێک بۆ چەسپاندنی پلان و شێوازی یاریکردنێکی دیارییکراوی تایبەت بە خۆیان.
هەندێک جار وا ڕێککەوتووە ڕاهێنەرێک هێندە توندبووە بەرانبەر یاریزان و کارگێڕیی یانەکەی ڕێگربووە لە ئەوەی یاریزانێکی نابەرپرسیار، یان کاگێڕییەکی نەزان دەستبخاتە کارەکەی بە یاریزان و کارگێڕیی دەستیان تێکەڵکردووە، هەتا دووریانخستووەتەوە.
لێرە لە نێوان ڕاهێنەرێکی لاوازی بێدەسەڵات و ڕاهێنەرێکی دیکتاتوردا ڕووداوەکان دووبارەدەبنەوە و ڕاهێنەرێک نادۆزیتەوە بە شێوەیکی حەکیمانە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکانی ناو تیپەکەی مامەڵەبکات و بەردەوامیی بداتە پیشەکەی و بۆ چەند وەرزێک، یان لای کەم بتوانێت هتا کۆتایی وەرز بەردەوام بێت.
دەتوانین بڵێین: ڕێژەیەکی زۆری ڕاهێنەرانی خولی کوردستان زۆرباش لە ئەوە گەیشتوون بۆ وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنانی یانەیەک، ئەوەندەی پێویستت بە پەیوەندیی و شەخسیی و مامەحەمەیی هەیە، نیو هێندە پێویستت بە لێهاتوویی و زیرەکیی نییه. کارگێڕیی زۆری یانەکان ئەگەر بەشداریی خولێکی زانستیی هەڵسەنگاندنی ڕاهێنەرانیان پێبکرێت، بەدڵنیاییەوە نەک تێدا دەرناچن، بەڵکوو ئەنجامەکە بە جۆرێک خراپدەبێت ڕەنگە پیشبینیی نەکرێت، کە هەژارترین چینی گۆڕەپانەکەن لە ڕووی زانستی وەرزشیی و پیشەییەوە.
کارگێڕیی و ستافی یانەکان ئیدی چۆن دەتوانن لەسەر بنەمای زانستیی و لێهاتوویی، زیرەکیی ڕاهێنەر دەستنیشان بکەن! چۆن دەتوانن پلان و بەرنامەی درێژخایەن دابڕێژن و چاودێریی بکەن و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و کاری لەسەربکەن و ڕێگە لە کەوتنی یانەکەیان بگرن!