تۆپی پێ لە سێبەری بازرگانەکاندا بۆ کوێ ؟
شاهۆ عەبدولقادر ئەم وتارەی نووسیوە ✍️
وڵاتی مەغریب میواندارێتی جامی جیهانی یانەکان بۆ 2022-2023 ی لەئەستۆ گرتوە و لە ئێستادا یانە پاڵەوانەکانی ساڵی ڕابردوی کیشوەرەکان لە کێبڕکێدان ، ئەم جامە ساڵی 2000 دەستی پێکرد بڕیار بوو هەموو ساڵێك ئەنجام بدرێ بەژدار بوانیش پێکهاتون لە پاڵەوانی ( چامپیۆنز لیگ ، لیبەرتادوریس ، ئاسیا ، ئەفریقیا ، ئۆقیانوسیا ، کۆنکاکاف ) لەگەڵ پاڵەوانی خولی ناوخۆیی ئەو وڵاتەی کە میواندارێتی دەکات ، بەڵام لەساڵی 2001 تاکو 2004 بەهۆی ئیفلاس و داڕمانی کۆمپانیای بازرگانی فیفاوە ڕاوەستا و ئەنجام نەدرا دووبارە لە 2005 ەوە دەستی پێ کردەوە .
ئەم جامە لە ڕابردودا زۆر هەوڵی جۆراوجۆری بۆ دراوە کە ڕێکبخرێ و ئەنجام بدرێ بەڵام سەرکەوتو نەبون ، لێرەدا نامەوێ بچمە باسی مێژووی جامەکەوە ئەوەی کە گرنگە لای من داهاتوی جامەکەیە و پلانە بازرگانیەکانی فیفا و سپۆنسەرەکانی کە بەرنامەی گۆڕینی جامەکە و شێوازی بەڕێوە بردن و ئەنجامدانی لەداهاتودا بەتایبەتی ئەوەی کە جێگای سەرنجە لەم ساڵانەی دواییدا هەمیشە وڵاتە عەرەبیەکان میوانداریان کردوە .
ئەم جامە بڕیارە ساڵی 2025 گۆڕانکاریەکی گەورەی بەسەردا بێت و ژمارەی یانەکان لە 7 یانەوە بکرێت بە 32 یانە ، وەتاکو ئێستا چۆنێتی میکانیزمی بەژداری کردنی یانەکان و پشکی کیشوەرەکان نادیارە ، ڕاستە کە هەمیشە بینەر ئارەزوی ئەوە دەکات کە یانەی خەونەکانی لە خولێکی بەهێزدا لە کێبڕکێدا ببینێ ،ئەگەر ئەم گۆڕانکاریانە جێبەجێ بکرێت ئەوەی کە ڕون و ئاشکارایە ئەوەیە کە بازرگانیەکی گەورە لەپشتی ئەم گۆڕانکاریەدایە ئامانجەکانی فیفاش جگە لە قازانجی دارایی چەند دیوێك لەخۆ دەگرێ ، وەکو بەژداری پێکردنی زۆرینەی یانە گەورەکان و سود وەرگرتن لە ڕیکلام ، بەژداری پێکردنی یانەکانی کەنداو کە لەئێستادا وا پێشبینی دەکرێت کە یاریزانە ناودارەکانی ئەوروپا ڕوبکەنە یانە عەرەبیەکانی کەنداو ، ڕێگری کردن لەو جامی سوپەری ئەوروپی کە یانە گەورەکانی ئەوروپا هەوڵ بۆ کردنەوەی دەدەن و ،،،، هتد ، بەدڵنیایەوە سپۆنسەرەکانی فیفا دەوری کاریگەریان دەبێ لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی جامەکە بەجۆرێكبێت خزمەتی ئامانجەکانیان بکات .
لەکۆتاییدا دەبێ چاوەڕوانبین ئایە هەژمونی بازرگانی و قازانج ئەم یاریە جیهانی و ناوازەیە کە هەموانی کۆکردوەتەوە پڕ چێژتر دەکات یان لەبایەخی کەم دەکاتەوە .