هاوپۆلنه‌كراویاریەکانی تر

ئایا مامۆستا سەڵاح، وەجاغى کوێرە؟

وا نزیکەى حەوت ساڵە وەفاتى کردوە

بۆ کەسانى پێشەنگ و مامۆستایان، دوو جۆر وەجاغكوێرى هەیە، وەجاغى نەوە و وەجاغى خوێندکار و شوێنکەوتوەکانى، مامۆستا سەڵاح محەمەد کەریم (یەکەمین دادوەرى نێودەوڵەتى تۆپی پێ لە کوردستاندا) ئەوە ڕوونە کە وەجاغى نەوەیان کوێر نییە و سەرمان ناوە بەسەرى یەکەوە و کز دانیشتووین، بەڵام بۆ وەجاغى خوێندکارەکانى دڵنیانین، کێن ئەوانەى بە شوێن و هەنگاوى ئەودا دەڕۆن و وەجاغیان ڕۆشنکردۆتەوە یان لەبیریان كردووە!
مامۆستا سەڵاح، زیاتر لە پەنجا ساڵ خزمەتى بوارى وەرزشی کرد و وا نزیکەى حەوت ساڵە وەفاتى کردوە، پاش خۆى جگە لە مێژوویەکى پرشنگدار و خزمەتێکى نەبڕاوە، کە بە هیچ پێوانەیەک ناپێورێت، کۆمەڵێک کەلوپەلى وەرزشی لە پاش بەجێ ماوە، ئەو کەلوپەلانە بەشێکن لە مێژووى ئەم شارە و مێژووى وەرزش بە گشتى، بە نمونە (فیەکەیەک یارى کۆتایی ئاسیایی پێ بەڕێوەبردووە، تۆپێک ئیمزاى چەندین یاریزانى پیشەگەرى لەسەرە، بۆردێک کە هەزاران خوێندکارى لەسەر پەروەردە کردووە، سەدان محازەرە و پەیپەر کە ڕۆژانێک پرۆگرامى دادوەرانى تۆپى پێ بوون، کارتى یارییەکان، ئاڵاى یارییەکان، دەیان کاس و ڕێزلێنان، ئەرشیفێکى وێنەیى گەورە….تاکو سەدان ڕەمزى وەرزشی دیکە) هەموو ئەمانە بە تەنها خۆیان دەبنە مۆزەخانەیەکى گەورەى وەرزشی بۆ پارێزگاى سلێمانى و تەواوى کوردستان، بەڵام مەخابن تاکو ئێستا لە زیندانى گەنجینەدا بێ ناز کەوتوون. مەخابن تەنها بۆ ئەمەش نا، مامۆستا سەڵاح کە ڕەمزى وەرزشی سلێمانى و کوردیشە، ئێستا تەواوى شارەکە بگەڕێ، شتێک نییە، ئەوت بهێنێتەوە بیر، نەک هەر یاریگایەک یان ناوەندێکى وەزرشی، نەک هەر شەقامێک یان باخچەیەکى بەناوەوە نەکرا، بگرە لە شەقامى سالم وێنەى دەیان کەسایەتى کاریگەرى شار هەڵواسرا و بستێک بە مامۆستا سەڵاح ڕەوا نەبینرا!!
دواى ئەوەى چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانى وەزرشی قسەمان کرد و پێنشیارمان بۆ کردن، ئێمە ئامادەین هەموو ئەو کاڵا بەنرخانە ببەخشینە دامەزراوەیەکى وەرزشی، تاکو بکرێت بە مۆزەخانە بە مەرجێک شوێنەکەى پارێزراو و مەحکەم و شیاو بێت، بەڵام مەخابن، پێدەچێت نە ئەو کاڵایانە بەهاى هەبێت لاى وەرزشەوانان و کاربەدەستانى بوارەکە، وە نە مامۆستا سەڵاحیش وەک مێژووەکەى بە پرشنگدارى مابێتەوە و هەموو ئەو خزمەتەى کردوویەتى هەر زوو لەبیر کرا بێت.
ئێمە بۆ ئەم کارە نە هیچ مەرجێکمان هەیە و نە داواى هیچ قیمەتێکمان کردووە، تەنها داوامان کردووە بە قیمەتى مەعنەوى خۆیان، ئەو کاڵایانە بپارێزرێن و لە مۆزەخانەیەکدا بخرێنە ڕوو تاکو ببینرێت. تەنانەت ئامادەبووین خۆشمان کۆمەکى ماددى کارەکە بکەین. تەنها لە پێناو ئەوەى وەرزشی ئەم شارە مۆزەخانەیەکى جێگیرى هەبێت، لەهەمان کاتدا ئێمە داوامان نەکردووە، مۆزەخانەیەکى تایبەت بکرێت بۆ مامۆستا سەڵاح، بەڵکو پێشنیارمان کرد، کە ئەم شارە پێویستى بە مۆزەخانەیەکى وەرزشییە، بۆ هەموو ئەوانەى ڕۆژانێک خزمەتیان کردووە و لە دواى خۆیان دەیان ئاسەوارى گرنگیان بەجێ هێشتووە، لەو مۆزەخانەیەدا کونجێک بە مامۆستا ڕەوا ببینن، هەموو ئەو کاڵایانە قیمەتی مەعنەویان تەواو نابێت، بخرێنە ڕوو.
بوونى ئەم مۆزەخانەیە، بۆچى گرنگە؟
ئەوەى دەبینرێت، هەر شاندێکى وەزرشی، کە دێنە سلێمانى، دواى جێبەجێکردنى ئەرکەکەیان، هیچ شوێنێک نییە بیانبەن، دەیانبەنە خواردنەگەیەک نانێکى چەوریان پێدەدەن، دواتر ڕەنگە پیاسەیەکى ناوشاریان پێبکەن و ڕێبەرێکیان بخەنە تەنیشت تاکو سەرقاڵیان بکەن کاتەکەیان تەواو ببێت، بە بێ ئەوەى مۆرکێکى وەرزشی ئەم شارە، مۆزەخانەیەکى وەرزشى، مەکانێکى مێژووى تەعبیر لە وەرزشی ئەم شارە بکات هەبێت نیشانیان بدەن، هەندێک لەو شاندە بیانیانە کە خوێندکار یان هاوڕێى مامۆستا سەڵاح بوون بۆ خۆیان داوا دەکەن بێنە سەر ئارامگاکەى و فاتیحیەک بخوێنن، لەوە بترازێت گەر بچنە هەر گۆڕەپانێکى وەرزش و هەر هۆڵێکى یاریکردن، بە دڵنیاییەوە لاى خۆیان زۆر پێشکەوتووتر و قەشەنگتر هەیە، بۆیە کردنەوەى مۆزەخانەیەک بۆ وەرزشی ئەم شارە بە گشتى و ئەرشیفى مامۆستا سەلاح بە تایبەتى پێویستییەکى زۆر گرنگە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کێ بەم کارە هەڵبستێت و کێ بە ئەرکى سەرشانى خۆى دەزانێت؟ کێ خەمخۆرى پێگە و ڕێگەکەیەتى و کێ دەیەوێت وەرزش پێش بخات و وێنەیەکى جوانى ئەو بوارە نیشان بدات؟ بە دڵنیاییەوە ئێمە رێز و خۆشەویستى هەموو ئەو دۆستانە بەرز دەنرخێنین و لە دڵسۆزى و لەخۆبردوویان دڵنیایین، هەر یەک لەوانە زیاتر لە باوکێک لە مامۆستا سەڵاحیان ڕوانییوە و بە دڵنیاییەوە مامۆستا سەڵاحیش بە ڕۆڵەى خۆى زانیون، کاتێک بۆ ئەم پرۆژەیە لەگەڵ هەر یەکێکیان دانیشتووین، ئەوەندە رێز و حورمەتیان هەبووە، وەک بەشێک لە خانەوادەى خۆمان دەرکەوتوون. بەڵام هیچ ئاکامێکى نەبوو. ئەو مامۆستا سەڵاحەى لە مێژووى عێراقدا یەکەمین دادوەرى نێودەوڵەتى كورد بوو، ئەو مامۆستا سەڵاحەى لە یەکەمین بەردى بناغەى یاریگاى سلێمانییەوە کارى تیادا کرد تاکو وەفاتى، ئەو مامۆستا سەڵاحەى تا لە ژیاندا بوو، لە هەموو بۆنەیەکى وەرزشیدا ئامادەیی هەبوو، کەچی دواى وەفاتى هیچ ئاسەوارێکى بەم شارەوە دیار نییە!!!
تێبینى:
1- ئەوە بە تەنها ئەرشیف و میراتییەکەى مامۆستا سەڵاح نییە بێناز کەوتبێت، بەڵکو زۆربەى زۆرى ئەرشیفى یاریزانە دێرینەکان و ڕەمزەکانى وەرزش لەم شارەدا بێ ناز کەوتوون.
2- هەموو بەڕێزانى بوارى وەرزش، خەمخۆر و دڵسۆزن، ئێمە بەڕێزەوە ئەڕوانینە پێشوازییەکەیان، بەڵام کە ئەنجامى نەبێت شایەنى گلەیشن.
خانەوادەى
سەڵاح محەمەد کەریم
یەکەمین دادوەرى نێودەوڵەتى تۆپی پێ لە کوردستاندا
جێگرى پێشووى سەرۆکى لیژنەى ئۆڵۆمپی کوردستان

سپۆرت میدیا

سپۆرت میدیا پرۆژه‌یەكی وەرزشییە بۆ وەشاندنی هەواڵی وەرزشی و میدیایی کارگێری وەرزشی، سپۆرت میدیا له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ژانرێكی وه‌رزشی و زانستی و مرۆیی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، بەشێوەیەكی گشتی هەوڵدەدات كار بۆ جێبەجێكردنی ئەرک و ئامانجەکانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button