یانهى ههولێر سكاڵا تۆمار دهكات
ئەنجامی یارییەکە بێنێتە ئاراوە
دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر، نیگەرانی و سەرسوڕمانی توندی خۆی رادەگەیەنێت بەرامبەر ئەو هەڵە زەق و کاریگەرانەی کە ناوبژیوانان دژی یانەکەمان لە یارییەکانی خولی نایابی عێڕاق ئەنجامی دەدەن بە تایبەتی لە هەر سێ یاریمان لە هەفتەکانی (25، 28، 29)، کە هەڵەکانی ناوبژیوانانی ئەم سێ یارییە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر گۆڕینی ئەنجامی هەر سێ یارییەکە هەبووە، لەمەشدا سەرجەم شیکەرەوەکانی بواری ناوبژیوانی و پڕۆگرامە وەرزشیەکانی عێڕاق و هەروەها لیژنەی ناوبژیوانان هاوڕان و پێیان وابووە ناوبژیوانان ستەمێکی گەورەیان لە یانەکەمان کردووە.
هەروەها دەستەی کارگێڕی یانەکەمان، هەست بە سەرسوڕمانی دەکات لەهەمبەر ئەوەی تاکو ئێستا هیچ یەکێك لەو ناوبژیوانانەی کە هەڵەکانیان بەرامبەر یانەکەمان کردووە سزانەدراون بەڵکو بە پێچەوانەوە پاداشت کراون بەپێدانی بەڕێوەبردن و ناوبژیوانی کردنی یاری گرنگ لە کاتێکدا هەڵە ئاشکراکانیان وایکردووە کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر ئەنجامەکانی یانەکەمان و لە دەستدانی چەند خاڵێکی گرنگ و پێویست لە خولەکە، کە هەڵەکانیش خۆی لەمانەی خوارەوە دەدۆزێتەوە:
– لە هەفتەی بیست و پێنجەمی خولی نایابی عێراق، لە یاری نێوان یانەکەمان و یانەی شوڕتە لە یاریگای شەعبی نێودەوڵەتی، لە گێمی یەکەمی یارییەکە، ناوبژیوان (عەلی سەباح) گۆڵێکی دروستی یانەکەمانی رەتکردەوە، کە ئەم گۆڵە وایکرد گۆڕانکاری لە ئەنجامی یارییەکە بێنێتە ئاراوە.
– لە هەفتەی بیست و هەشتەمی خولەکە، لە یاری یانەکەمان بەرامبەر یانەی (نەفتی وەسەت) لە یاریگای فەڕەنسۆ هەریری، ناوبژیوانی یارییەکە (یوسف سەعید) لێدانێکی سزای دروستی لە گێمی یەکەم بۆ یانەکەمان ئەژمار نەکرد، هەروەها لە گێمی دووەم یاریزانێکی پیشەگەری یانەی نەفتی وەسەت کە شایانی وەرگرتنی کارتی سوور بوو بەڵام ناوبژیوان تەنها کارتێکی زەردی بە رووی یاریزانەکە بەرزکردەوە، کە ئەم هەڵانەش کاریگەری کردە سەر ئەنجامی یارییەکە و یانەکەمان دوو خاڵی گرنگی لەو یارییە لە دەستدا.
– لە هەفتەی بیست و نۆیەم و لە یاری یانەکەمان بەرامبەر یانەی (زەوڕا) لە یاریگای شەعبی نێودەوڵەتی، ناوبژیوانی یارییەکە (ئەحمەد کازم) لێدانێکی سزای دروستی بۆ یانەکەمان لە گێمی دووەمی یارییەکە ئەژمار نەکرد، کە کاریگەری راستەوخۆی هەبوو لە گۆڕینی ئەنجامی یارییەکە.
ئەم هەڵانەش وادەکات کاریگەری نەرێنی (سلبی) بکاتە سەر ململانێی دادپەروەرانە لە نێوان یانە بەشداربووەکانی خولەکە، هەروەها رێگا خۆشکەرە بۆ ئەنجام دانی هەڵەی دیکەی گەورەتر و کاریگەرتر کە لە کۆتاییدا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت بۆ سەر ریزبەندی یانەکان لە خولەکە، بە تایبەتی ئەنجامی یانەکەمان کە بە هۆی ئەم هەڵانەوە لە ریزبەندییەکە هاتۆتە خوارەوە.
لەم سۆنگەیەوە، لە پێناو پاراستنی مافی یاسایی یانەکەمان، بە مافی خۆمان دەزانین بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و پێشکەش کردنی نووسراوی ناڕەزایی و ماف خوران بۆ یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی هاوپێچ بەسەرجەم ئەو هەڵانەی کە ناوبژیوان بە ئاشکرا بەرامبەر یانەکەمان ئەنجامیان داوە ئەگەر بێتو یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق یاخود لیژنەی ناوبژیوانان هیچ رێوشوێنێك بەرامبەر ئەو ناوبژیوانانە نەگرنە بەر و ماف بۆ یانەکەمان نەگێڕنەوە بە تایبەتی ناوبژیوانی یاری یانەکەمان بەرامبەر یانەی زەوڕا.
لە کۆتاییدا، ئیرادەی بەرزی ستافی راهێنەران و یاریزانان دووپات دەکەینەوە کە لە توانایاندایە زاڵ بن بەسەر ئاستەنگی و سەختیەکانی بەردەمیان، سەرکەوتنیش لای خوای گەورەیە.
یانەی وەرزشی هەولێر