فۆتۆگرافەرە بچكۆلەكە
رۆژی خەڵاتكردنی چەند رۆژنامە نووس و وەرزشكارێكی دێرین لە لایەن رێكخراوی وەرزشكارە دێرینەكانی سلێمانییەوە، ئەو بە كامێرایەكەوە لە ناو ئامادەبوواندا پەپولە ئاسا دەهات و دەچوو، بێ ئەوەی ئاگات لەخۆت بێت وێنەیەكی نایابی دەگرتیت، تا كۆتایی مەراسیمەكە بەخۆی و كامێراكەیەوە هەر دەهات و دەچوو، پەنجەكانی لەسەر چركێنەری كامێراكەی نەدەوەستا، ئەو وێنەگرە بچكۆلە رۆح سوكەش كاكە هۆزاری تەمەن 12 ساڵان بوو.
كاكە هۆزار كوڕی رۆژنامەنووسی وەرزشیی دانەر ئەسڵانە، ئەو بە میسی بانگی دەكەن، خوێندكاری قۆناغی شەشەمی بنەرەتییە لە قوتابخانەی ساڵح قەفتان.
ئەو نەك هەرلەوشوێنە بە كامێراو وێنە گرتنەوە سەرنجی راكێشام، بەڵكو لەكاتی یارییەكانی گردبوونەوەی یەكەمی خولی نایابی بالەی یانەكانی عیراقیشدا (گروپی یەكەم) كەلە هۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بەڕێوەچوو، بەكامێراكەی ملییەوە هەر خەریكی وێنە گرتن بوو، بەجۆرێك باوكی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك فۆتۆ ستۆرییەكی جوانی ئەوی بڵاو كردەوە كە وێنەكانی هەمووی بە پەنجە ناسكەكانی ئەو چركابوون.
كاكە هۆزار زۆر حەزی بە تێكەڵاوبوونی جیهانی وەرزش و لەو بوارەشدا وێنەگرتنە، ئەگەر لەسەر ئەو ئارەزووەی بەردەوام بێت، بێگومان فۆتۆگرافەرێكی هەڵكەوتووی لێدەردەچێت.
دانەری باوكی كاكە هۆزار بە ستادیۆمی راگەیاند؛ ئەو ماوەی چوار ساڵە دەچێتە هۆڵی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، بەهۆی خۆشەویستی خۆیەوە بۆ تیپی بالەی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و بەتایبەتیش خۆشەویستی ئەو بۆ هەردوو یاریزان وەلید عارەب و عەلی تەها كە ئەوانیش زیاد لەپێویست خۆشیان دەوێت، ئالودەی تیپەكە بووە.
هەروەها ووتی؛ هۆزار بەوهۆیەوە داوای كامێراكەی منی كردو ووتی حەزدەكەم خەریكی وێنەگرتنی دیمەنە جوانەكانی ئەو تیپە و یارییەكانی ئەو خولە بم و بەئارەزوی خۆم وێنەی گرتە و جوڵە جوانەكانی وەلید كە پار كاپتنی یانەی هەولێر بووە و هەروەها عەلی تەها و ئاسۆ و دیاریی بگرم، ئیتر لێرەوە چیرۆكی ئارەزووەكەی هۆزار دەستپێدەكات.
بۆ ئەوەش كە بۆچی بە میسی بانگی دەكەن، دانەر ووتی؛ هۆزار میسی زۆر خۆشدەوێت، بەجۆرێك ئەگەر بە جۆرێك لە جۆرەكان بە خراپی باسی میسی بكەیت وەڵامی خۆی دەبێت و قایل نابێت كەس قسەی پێ بڵێت، لەبەر ئەو خۆشەویستییە بێ سنورەی بۆ ئەو یاریزانە جیهانییە، بەمیسی بانگی دەكەن.
لەكۆتاییدا هیوادارین كاكە هۆزار لەبەر ئەوەی بەم تەمەنە كەمەوە كامێرا و فۆتۆگرافەریی ئارەزووەكەیەتی، نەك هەر لەبواری فۆتۆدا بەڵكو لە بواری فۆتۆگرافەری و كامێراو جیهانی كامێرادا فۆتۆگرافەر و كامێرامانێكی سەركەوتووی لێ دەربچێت و سەركەوتووانە لەو بوارەدا خۆی بسەلمێنێت.
له ستادیۆمهوه