وتار

فۆتساڵ لە سلێمانی لە دایک بوو لە چۆمان پێشکەوت

لە سەر هێڵی ئەمبەر و ئەوبەری یاریگاکە دێن و دەڕۆن

دانه‌ر ئه‌سڵان

تۆپی پێی نێو هۆڵ واتا فۆتساڵ کە یارییەکی بچووکراوەی تۆپی پێ یە تیایدا یاریزانان لە بری ئەوەی لە یاریگای گەورەدا و بە 11 یاریزانەوە ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە بە 4 یاریزان و گۆڵچییەوە واتا 5 یاریزانەوە ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە لەگەڵ بوونی دوو داوەر کە هەردووکیان لە سەر هێڵی ئەمبەر و ئەوبەری یاریگاکە دێن و دەڕۆن.

لە سەرەتاکانی سەدەی نوێوە ئەم یارییەش هاتە کوردستان و بە تایبەتیش شاری سلێمانی تیپی کوڕان دروست بوو، بەڵام بە هۆی بەهێزی تۆپی دەست لەو کاتە و بوونی تیپی بەهێزی فووتباڵ واتا یاریگای گەورە ماوەیەکی کەم تۆپی نێو هۆڵ مایەوە لە سەر ئاستی پیاوان، بەڵام دواتر لە ناو سەنتەری سلێمانی و دواتریش ناوچە نزیکەکانی سەر بە سلێمانی ئەم یارییە برەوی بە خۆیەوە بینی و چەندان و چەندان کچە یاریزان دەرکەوتن و ناوی خۆیان کردە وێردی سەر زوبانی هەموان و تیپی کێبڕکێکار دروست کرا بە مەبەستی کێبڕکێ کردن لەگەڵ دەرەوەی سلێمانی چ لە سەر ئاستی کوردستان چ لە سەر ئاستی عێراق، بەڵام مەخابن ئەو دز و جوردانەی قوڕقوڕاگەی وەرزشی سلێمانییان گرتووە و هەموو وەرزشێکی سەرکەوتوو لەم شارەدا کەپوکێننەوە ئەوا لە ئێستادا فۆتساڵی سلێمانیش هیچی لێ نەماوەتەوە و کیژۆڵە یاریزانەکانی ئەم شارە پەرتەوازە بوون لە شارەکانی تر یاخود وەک ئێستا دەبینین لە هەردوو تیپەکانی پیرەمەگوون و دوکان یاری دەکەن.

دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بۆ شتێک بکەم لە کاتێک دا تۆپی پێی نێو هۆڵەکان لە سلێمانی پوکایەوە بە تایبەت لە سەر ئاستی خانمان، بەڵام لە شارۆچکەیەکی بچووکی سەربەرزی وەک شارۆچکەی چۆمانەوە ڕاهێنەرێک و کۆمەڵێک کیژۆڵە کە دەمێک من بینیمن هەموو منداڵ بوون ئێستا هەموو بوونەتە خاتونی کامڵ و بەڕێز کە بەوەی من بینیم لە یارییەکانی ئەم هەفتەیەی قۆناغی کۆتایی خولی نایاب دڵخۆشی کردم بەوەی ئەو تیپە و ڕاهێنەرەکەیان چۆن لە ماوەی تەنها 5 ساڵێک دا لە شارۆچکەیەکی بچووکی وەک چۆمانەوە کە هیچ خزمەتگوزارییەکی وەرزشییان نەبوو هاتن و خۆیان دروست کرد و ئێستاش لە سەر ئاستی کوردستان و عێراقیش بوونەتە ژمارەیەکی ناوازەی تۆقێنەر و لە ئێستاش دا بە ناوی ئافرەتانی هەولێر بەشداری خولی نایاب دەکەن.

هەروەک ئەوەی من بینیم لە شێوازی یاری کردن و جووڵە و مامەڵە کردنیان لە نێو هۆڵەکەدا گەواهیدەری ئەوە بوو کە ئەوان ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشە کردن و بەرەز پێش چوون دان و ڕاهێنەرەکەشیان تەنها برەوی بەو 5 یاریزانەی نێو یارییەکە نەداوە بەڵکو بە سیستەمی تۆپی فۆتساڵ یاریزانی یەدەگی زۆر باشیشی دروست کردووە کە ئەمەی ئەگەرەکانی بەردەمی خۆشی زۆر کردووە کاتێک دەیەوێت پلانەکەی بگۆڕێت و یاریزانێکی نوێ بەشداری پێ دەکات کە بۆ خۆی پشوو بووە لە سەر کورسی یەدەگ و یاریزانێکی هیلاک و ئەستێرە دەباتە دەرەوە تا پشوویەک بدات و دواتر باشتر بگەڕێتەوە ئەمە لای من جێگەی ستاییش و دەستخۆشییە نەک ئەوەی لای تیپەکانی خۆمان دەبینم ڕاهێنەر بەس ئەو 5 هەیە کە یاری دەکەن ئیتر یەکێکیان نەخۆشە سوڕی مانگانەی هەیە تووشی پێکان دەبێت کەس نییە جێگەی بگرێتەوە یان خاتونە یاریزانمان هەیە ئەو بە ڕاهێنەر دەڵێت فڵان و فڵان با یاری بکەن یاخود ڕاهێنەر هەیە یاریزان بەشداری پێ دەکات بە بێ ئەوەی پێی وت بێت بڕۆ ناوەوە ئەوە بکە.

ئەوەی لە لای ئێمە ڕوو دەدات پوکانەوەیەکی هێواشی فۆتساڵی خانمانیشە وەک پیاوان ئەوەی لای ئەوانیش ڕوو دەدات گەشە کردن و بەرەو پێش چوونە ئیتر یانەکە سەر بە پارتی یە سەر بە سۆشیالیستە یان حیزبی بەعس یان داعش یان سەر بە ڤێگا کەبیر کێشەی من نییە من ڕێزیان لێ دەنێم و چەپڵەیان بۆ لێ دەدەم و ستاییشیان دەکەم، چونکە برەویان بە فۆتساڵی خانمان داوە و ناهێڵن بپوکێتەوە لە کاتێک دا لای ئێمە بە ئەنقەست پوکێندرایەوە و بەرەو لە ناوچوونیشی دەبەن و هەمووشی لە سەر حسابی ئەو کیژۆڵانە خۆی ئەلەوەڕێنێت و دوایی دەڵێت بە خۆبەخشی کردووە.

سپۆرت میدیا

سپۆرت میدیا پرۆژه‌یەكی وەرزشییە بۆ وەشاندنی هەواڵی وەرزشی و میدیایی کارگێری وەرزشی، سپۆرت میدیا له‌ چوارچێوه‌ی چه‌ند ژانرێكی وه‌رزشی و زانستی و مرۆیی خۆی ده‌بینێته‌وه‌، بەشێوەیەكی گشتی هەوڵدەدات كار بۆ جێبەجێكردنی ئەرک و ئامانجەکانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button