بۆ یادی شەهید فەخرەدین وەرزشكارانیشیان لە یاد بوو
ساڵانە و بۆ بەرز راگرتنی یادی شەهیدبوون و بێ سەروشوێنكرانی شەهیدی نەمر فەخرەدین ئاوەبۆرەكەیی، بنەماڵەی شەهید ساڵانە یادێك رێكدەخەن و چەند خەڵاتێكی تایبەتیشی تیادا دەبەخشن و ئەمساڵ بۆ یادەكە وەرزشكارنیشیان لەیاد نەكردبوو.
پاش نیوەڕۆی رۆژی چوار شەممە 9/9/2020 لە كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ مەراسیمێك بۆ یادەكە رێكخرا، سەرتای مەراسیمەكە پەردە لادان بوو لەسەر وێنەی شەهید و دواتر كردنەوەی هۆڵی شەهید فەخرەدین بوو لەكتێبخانەكە، پاش ئەوەی بە سكرین كورتەیەك لە ژیانی شەهید پێشكەش كرا، چەند وتارێك بەو بۆنەیەوە خوێنرانەوە، دواتر خاتو هاوژینی كچی شەهید وتاری بنەماڵەی خوێندەوە.
دوا بڕگەی مەراسیمەكە بەخشینی خەڵاتی شەهید فەخرەدین بوو بەچوار كەسایەتی لەنێویاندا دوو وەرزشكار بوون، یەكەمیان خەڵاتی شەهید بوو كە بە هونەرمەندی بەتوانا مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی درا، پاشان خەڵاتی شەهید فەخرەدین بە رۆژنامە نووسی وەرزشی ئیسماعیل مەحمود درا، سێیەم خەڵاتیش بۆ بۆكان حەسەن بوو كە گەنجێكی بەتونای بواری ئای تییەو توانیویەتی وەك یەكەم گەنجی كورد زمانی كوردی بۆ گوگڵ زیاد بكات، خەڵاتی چوارەمیش بۆ یاریزانی لاو دیار رەحمان بوو كە ماوەیەكە توشی نەخۆشییەكی دگمەن بووەو هەڤاڵ ئارام قادر خەبات لەجیاتی ئەو خەڵاتەكەی وەرگرت، مەراسیمەكە كە رۆژنامە نووسی وەرزشی كرمانج عومەر بەڕێوەی برد، زیاتر لەسەعاتێكی خایاند و سەركەوتووانە كۆتاییهات